ههولێر
هێشتا لایەنەكانی سیاسی، لە هەرێمی كوردستان، نەگەیشتوونەتە ئەنجام بۆ پێكهێنانی حكوومەتی بنكەفراوان، هۆكارەكەشی لەسەر پۆستەكانە و لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش بۆچوونی جیاواز هەیە.
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پارێزگای هەولێر كاكەمین نەجار لە بارەی پۆستی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ھەموویان پێكەوە لە ماوەیەكی نزیكدا تەواو دەبن، بە تایبەتی لە ھەولێر ھیچ كێشەیەك نەماوە و رێككەون كراوە لە نێوان پارتی لەگەڵ ھەموو لایەنەكانی تر بێگومان بەشداردەبن، لە حكوومەتی خۆجێیی هەولێر".
ھەروەھا باسی لە پۆستەكانی ئیداری پارێزگای دھوك و سلیمانیش كرد گوتی: "ھەموو لایەنەكان بەشدارییان دەبێت، بەتایبەتی لە سلێمانی".
لەلای خۆیەوە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "گفتوگۆكان لە بارەی پۆستەكانی ئیداری پارێزگاكان بەردەوامە".
سەعدی پیرە، پێیوایە پ.د.ك لە هەولێر نایەوێت پاكێجەكان گرێ بدات بەیەكەوە.
پیرە گوتی: "دابەشكردنی پۆستەكانی ئیداری پارێزگاكان، پەیوەستن نین بە یەكەوە، چونكە پێشتر پارێزگاری هەولێر ئەوەی خستووتەڕوو كە جیاوازی هەیە لەگەڵ پۆستەكانی تر لە پارێزگای سلیمانی و دهۆك بەڵام بەگشتی چاوەڕوانین گفتوگۆكان بەردام دەبن".
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەولێر. سلێمانی. دهۆك لە هەرێمی كوردستان، 30ی نیسانی ساڵی رابردوو بەرێوەچوو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر و دهۆك پارتی دیموكراتی كوردستان، براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكە بوو.
هەروەها لە پارێزگای سلێمانیش لیستی بزووتنەوەی گۆڕان 12 كورسی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان 11 كورسی بەجیاوازی یەك كورسی بوونە یەكەم و دووەمی براوەی هەڵبژاردنەكە.
دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن، پ.د.ك لە پارێزگای هەولێر و دهۆك بەبێ بەشداری ی.ن.ك و بزووتنەوەی گۆڕان و حزبەكانی ئیسلامی، بەهاوپەیمانێتی لەگەڵ لیستەكانی كۆتاكان پێكهاتەی توركمانی و كلد و ئاشووری و ئەرمەن ئیدارەی پارێزگاكانی پێكهێنا.
لە پارێزگای سلێمانیش دوای ماوەیەكی زۆر بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی رێكەوتنیان واژۆكرد پۆستی پارێزگار بۆ دووساڵ لای یەكێتی بێت و بۆ دووساڵیش پۆستی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەست بزووتنەوەی گۆڕانەوە بێت.
لە ئێستادا هەموولایەنەكان، سەرقاڵی گفتوگۆ و دانوستانن، بۆ ئەوەی هاوشێوەی كابینەی هەشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكوومەتی بنكە فراوان، لە ئاستی حكوومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكانیش رەنگ بداتەوە، كەچی 30ی ئەم مانگە ساڵێك تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزكاندا. هێشتا لایەنەكان لەو بارەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام.