Mohammed Baqi Hussein
02 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2016
قاهیره
لەساڵی 2015دا لە پێكدادان و خۆپیشاندان و رووداوی هەڵكوتانەسەر بنكەكانی پۆلیسی ئەو وڵاتە لەلایەن نەیارانی دەسەڵاتەوە، 356 كەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
لەراپۆرتێكدا كە لەلایەن دامەزراوەی نێودەوڵەتی" مرۆڤایەتی" كە ناوەندەكەی لە شاری ئیستانبوڵە، جەختكراوەتەوە كە لە 2015 لە میسر پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ هەڵكشانی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی راپۆرتەكە 104 لەو 356 كەسە لە بنكەكانی پۆلیس بەهۆی ئەشكەنجەدان یان كەمتەرخەمی تەندروستییەوە گیانیان لەدەستداوە و 84یان لە خۆپیشاندانەکانی سیاسییدا گیانیان لەدەستداوە و زانیاری لەسەر شێواز و شوێنی گیان لەدەستدانی ئەوانەی دیكە نەدراوە.
هەروەها لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە دیاردەی رفاندن و شونبزركردن كراوە كە لە 2015دا 948 حاڵەتی رفاندنی و بزربوونی بەزۆرداری تۆماركراوە.
250 لەو كەسانەی کە رفێنراون دواتر دەركەوتووە کە لە بەندیخانەكان گڵدراونەتەوە و شوێنەواری ئەشكەنجە بە جەستەیانەوە بینراوە.
لەبارەی بەندیخانەكانیشەوە ئاماژە بە بەندیخانەی ئەلعەقرەب (دووپشك) كراوە كە ساڵی پار لە زستاندا بەندكراوان لە جلوبەرگی زستانە و بەتانی و پێداویستی سەرەكی خۆگەرمكردنەوە بێبەشكراون و لەو بەندیخانەیە زۆرترین حاڵەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ تۆماركراوە.
راپۆرتەكە تیشكی خستۆتەسەر مانگرتن لە خواردن لە بەندیخانەكانی میسردا و ئاماژە بە دكتۆر ئیبراهیم ئەلیەمانی دراوە كە لە خۆپیشاندانەكانی رابیعەی عەدەویە لە 14ی ئابدا دەستگیر كرا. بەپێی راپۆرتەكە ماوەی 570 رۆژە ناوبراو مانی لە خواردن گرتووە، بەڵام بەهۆی بریندار بوونی لە رووداوی ئاگركەوتنەكەی کۆمەڵگای بەندیخانەکانی تڕە، بەشێوەیەكی لاوەكی بەردەوامە لەسەر مانگرتنەكەی.