Mohammed Baqi Hussein
01 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2016
مەیدانی نیویۆرك تایمز كە لەپێگەی ناوەندی ئاهەنگەكانی سەری ساڵی ئەمریكادایە، لە ئاهەنگی پێشوازی 2016دا میوانداری نزیكەی یەك ملیۆن كەسی كرد و رێوشوێنی ئەمنی توندی تێدا گیرایەبەر.
پەلامارەكانی تیرۆریستی پاریس و ویلایەتی كالیفۆرنیا و هەڕشەكان بۆ ئەنجامدانی پەلامار لە سەری ساڵدا لە شارەكانی گەورەی ئەمریكادا، پاڵی بە پۆلیسی شاری نیویۆركەوە نا رێوشوێنی ئەمنی توند بگرێتەبەر.
لە سەرتاسەری جیهانەوە گەشتیارێكی زۆر رووی لە نیویۆرك كردبوو بۆ بەشداریكردن لە ئاهەنگی سەری ساڵدا و پۆلیس بە ئامێری پشكنەری تایبەت سەرجەم ئامادەبوانی لە چەند خاڵێكی جیاجیادا پشكنی. هەروەها كارمەندانی ئێف بی ئای لە مەیدانەكەدا ئەركیان پێدرابوو.
بەهۆی پشكنین و رێوشوێنەكانی ئەمنییەوە گەشتیاران چەندین سەعات لەڕیزدا مانەوە. پۆلیسی نیویۆرك رێگەری نەدا گەشتیاران بە جانتای گەورەی كۆڵەپشتەوە بچنە نێو ئاپۆڕای ئامادەبووانەوە.
ئاهەنگەكەی مەیدانی تایمز سەعات شەشی ئێوارە بەكاتی نیویۆرك دەستی پێ كرد و نزیكەی یەك ملیۆن كەس بەشدارییان تێدا كرد.
ژن و پیاوێك كە پێشتر كاتەكەیان دیاریكردبوو، لە سەرەتای دەستپێكی ساڵی نوێدا لە مەیدانی تایمز چوونە سەر شانۆ و هاوسەرگیرییان ئەنجامدا، بەوجۆرە ئەو جووتە بوونە یەكەم ژن و پیاو كە لە ساڵی نوێدا لە ئەمریكا هاوسەرگیرییان كردبێت.
یاسەمین یڵدزهان هاووڵاتییەكی توركیایە و بەمەبەستی بەشداریكردن لە ئاهەنگی سەری ساڵدا چۆتە نیویۆرك و بۆ ئانادۆڵو دوا. یڵدزهان دەڵێت لە سەعات دوو و نیوی دوانیوەڕۆوە لەڕیزدا وەستاوە ئینجا توانیویەتی بگاتە بەشی دووەمی پێشەوەی مەیدانەكە.
یڵدزهان ئاماژەی بەوەدا كە پێكەوەبوون لەگەڵ خەڵكان لە سەرتاسەری جیهانەوە و قسەكردن بە زمانێكی هاوبەش لەو كەشە ساردەدا چێژێكی بێ وێنەیە و گوتی: "هاوڕێیەكی نوێی ژاپۆنی كە تازە ناسیومە ئینتەرنێتەكەی خۆی لەگەڵ بەشكردم و هاوڕێیەكی خەڵكی نیویۆركیش گەرمكەرەوەكەی خۆی پێدام. هەموو سەری سەعاتێك چركەكانی كۆتایی دەژمێرین. كاتێك لە شاشەكەدا بینیم نووسراوە هەموو ساڵێك بەخۆشی توركیا، خەریك بوو لە خۆشیدا بگریم".
- ئەوانەی تەماشای ئاهەنگەكەی نیویۆرك دەكەن بە یەك ملیار كەس مەزەندەدەكرێن
بەپێی روونكردنەوەی ئەو دەستەیەی كە ئاهەنگەكانی مەیدانی تایمز بەڕێوەدەبەن، ئەوانەی راستەخۆ تەماشای ئاهەنگەكەی نیویۆرك دەكەن لە ئەمریكا بە 100 ملیۆن و لە جیهانیشدا بە یەك ملیار كە مەزەندە دەكرێن.
ئامادەبووانی مەیدانەكە لەسەعات 12ی شەودا بەكاتی نیویۆرك چركەكانی كۆتاییان ژمارد و گۆ كریستاڵییەكە كە نیشانەی 100 ساڵەی سەری ساڵە هێنرایە خوارەوە و بەوشێوەیە ماڵئاوایی لە ساڵی 2015 و پێشوازی لە 2016 كرا.
- یەك تۆن تەقینەوە و یاری ئاگرین لە ئاهەنگەكەدا بەكارهێنرا
لەلایەكی دیكەوە لە شاری رۆچستەری سەربە ویلایەتی نیویۆرك كەسێكی تەمەن 25 ساڵ بەناوی ئیمانوێل لەچمان بەتۆمەتی پلاندانان بۆ پەلاماری چەكداری بۆ سەر رێستۆڕانتێكی شارەكە دەستگیر كرا.
بەهۆی مەترسی ئەمنییەوە ئاهەنگەكانی شاری رۆچستەر هەڵوەشێنرانەوە.