Zana Natık Kerem
25 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2017
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، رایان دیلۆن رایگەیاند كە هێزەكانیان گورز لە ئامانجەكانی پێشمەرگە لە مەخموور ناوەشێنن.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رایان دیلۆن گوتی: "لە ژمارەیەك ماڵپەڕی باوەڕ پێنەكراوە، لەسەر زاری منەوە ئەوە بڵاوكراوەتەوە كە گوایە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش گورز لە ئامانجەكانی پێشمەرگە لە مەخموور دەوەشێنێت، بۆیە ئەو زانیارییانە هیچ راست نیین و من بە هیچ شێوەیەك لێدوانی لەو جۆرەم نەداوە".
رایان دیلۆن گوتیشی: "هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش هانی سەرجەم لایەنەكانی داوە، خۆیان لە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەوتۆ كە ببێتە هۆی ئاڵۆزكردنی رەوشەكە بە دوور بگرن، هەروەها ئێمە بەرهەڵستی لە توندوتیژی دەكەین لە هەر لایەكەوە بێت، داوا دەكەین سەقامگیری نەشڵەژێندرێت كە ببێتە مایەی دوورخستنەوەی سەرنجەكان لە شەڕی دژ بە داعش هەروەها خراپبوونی سەقامگیری عێراق".
گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئاماژەی بەوەشدا، بە پێی دەستووری عێراق، گفتوگۆ باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەركردنی گرژیی و پرسە هەڵپەسێردراوەكان.
رایان دیلۆن دووپاتشی كردەوە كە هێشتا هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش جەخت لەسەر هەوڵەكانی بۆ شەڕی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكاتەوە كە بۆ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە و جیهان هەڕەشەیە و گوتی: "داوا لە سەرجەم لایەنەكان لە ناوچەكە دەكەین زیاتر هەوڵەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی داعش بخانەگەڕ و لە نانەوەی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراق دوور بكەونەوە".