ھەولێر - حەمید حوسێن
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خێری بۆزانی لە مەراسیمی رۆژی قەدەغەکردنی بازرگانی بە مرۆڤ چەند ئامارێک خستەڕوو و بۆ رۆژنامەنووسان دوا و گوتی: "بەپێی ئەو ئامارانەی کە هەتا ئێستا تۆمارمان کردووە لە مانگی ٤ی ٢٠١٤ەوە هەتا ئێستا رێژەی ئەو کەسانەی کە کەوتوونەتە دەست چەکدارانی داعش ٥٨٣٨ کەس ژن، منداڵ و پیاو بوون".
ناوبراو دەڵێت: "بەپێی دوائامارەکان ئەو ئێزدیانەی هەتا ئێستا توانراوە لە دەستی داعش رزگار بکرێن ٢٠١٤ کەسن: ٧٦٧ ئافرەت، ٣٠٠ پیاو، ٤٦٢ کچ و ٤٨٥ کوڕ".
خێری بۆزانی لە درێژی قسەکانیدا گوتی: "دوای شەڕی داعش ٤٠٠ ھەزار ئیزدیی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون و لە ١٨ کەمپی ھەرێم ژیان بەسەر دەبەن و ئەوانەی کە رزگاریش دەبن دەگەڕێنەوە نێو کەس و کاری خۆیان لە کەمپەکان".
لەبارەی ئەو کەسانە یان رێکخراوانەی کە بازرگانیان بە کچ و ژنانی ئیزدی کردووە زیاتر گوتی: "ئەوان ھەر کەس یان دەزگایەک بن ناویان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین و ئەوان لە عەرەب و کورد، ئێزدی و ئەمەریکی و ئەورووپیش پێکھاتوون".
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئەمەل جەلال بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئێمە وەک ئەنجوومەنی باڵای خانمان چەندین پرۆژەمان بۆ قەدەغەکردن بە بازرگانی مروڤ کردوومانە وەک گفتگوکردن لە گەڵ نوێنەری تایبەتی بان کی مۆن و بەشداریکردن لە داڕشتنی پرۆژەیاسای قەدەغەکردنی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە، لە پەلەمان ھەروەھا پرۆژەیەکی دیکەمان ھەیە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بە کچ و ژنانی ئاوارە لە نێو کەمپەکاندا زیاتر بکەین".
ئەمەل لەبارەی پرسی بازرگانیکردن ژنان لە ھەرێمی کوردستاندا گوتی: "لەوانەیە حاڵەت روو بدات بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە لە ھەمووشتێک گرنگترە رزگارکردنی ئەو کچانەیە کە لە دەست چەکدارنی داعشدا ماون".
ناوبراو لە کۆتاییدا لەبارەی توندوتیژی لە بەرامبەر ئاوارەکان لە ھەرێمدا گوتی: "ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی لەناکاو رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە بووەتەوە و ئەویش ئاوارەکان زیاتر لە نێو خۆیاندا دوچاری توندوتیژی دەبن بەڵام لە رێگای وەزارەتی تەندروستی و رۆشنبیری و ئەنجوومەنی باڵای خانمان ھەوڵ دەدەین کۆتایی بەو خاڵانەش بھێنین".