سەرۆكی بەشی ئاسایش و چەكداماڵین لە وەزارەتی دەرەوەی روسیا میخایل ئوڵیانگۆ رایگەیاند دەست بە جێبەجێكردنی پلانی بردنە دەرەوەی چەكی كیمیایی سوریا و لەباربردنی كراوە، بەر لە ھەموو شتێكیش حسابی ئاسایش و زەرەرمەند نەبوونی ھیچ لایەنێك كراوە.
ئوڵیانگۆ لە لێدوانێكیدا بۆ راگەیاندنەكانی روسیای ئاشكرایكرد كارەكانی قۆناغی دووەم كە بردنە دەرەوەی چەكی كیمیایییە لە وڵاتی سوریا دەستیپێكراوە، وڵاتانی ئەمریكا، چین، دانیمارك، نەرویج بەھاوكاریی رێكخراوی لەناوبردنی چەكی كیمیایی لە سوریا، نەتەوە یەكگرتووەكان، پسۆڕانی سوریا بە ھەماھەنگی كارەكە بە ئەنجام دەگەیەنن و بڕیاریشە لەوبارەیەوە ھەموو لایەنە بەشداربووەكان كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن و ھەر لایەنێك پێشنیار و تێبینییەكانی بخاتەڕوو.
لەبارەی قۆناغی كارەكان ئوڵیانگۆ گوتی: "چەكە كیمیاییەكان لە كۆگاكاندان و ھێشتا نەگوێزراونەتەوە بەندەری لازقیە، چونكە ئێستا ئامادەكاریان بۆ دەكرێ بۆئەوەی لە گواستنەوەیاندا ھیچ گرفتێك دروست نەبێ."
پێشتر ئوڵیانگۆ روونیكردبۆوە كە تا ساڵی نوێ روسیا بۆ جێبەجێكردنی لەناوبردنی چەكی كیمیایی سوریا دوو ملیۆن دۆلار دەداتە نەتەوە یەكگرتووەكان و هەروەها فەرماندارانی سوپای روسیا رایانگەیاندبوو رێ بە كەشتییە جەنگییەكانی روسیا دەدرێ ھاوڕێیەتیی كەشتیی چەكی كیمیایی سوریا بكەن تا دەگاتە شوێنی مەبەست.