Heman Hussein Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری كوردانی ئێزدی رایدەگەیەنێت كە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێم و حكوومەتی عێراق لەسەر شنگال، دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شنگال و گەڕانەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەكە.
راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری كوردانی ئێزدی، شێخ شامۆ لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''شنگال وەك دەڤەرێكی گرێدراو بە ماددەی ١٤٠ـەوە، گرنگە ببێتە نموونەیەكی دەستپێكی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بۆ تەواوی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ و ئاساییكردنەوەی رەوشەكە، چونكە ئەم رێككەوتنە دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال و گەڕانەوەی ئەمن و ئاسایش بۆ ناوچەكە''.
شێخ شامۆ، گوتیشی: ''ئەو رێككەوتنە بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی شنگال، بۆ ئێزدییەكان بابەتێكی چارەنووسسازە، چونكە تا گرووپە چەكدارەكان شنگال چۆڵ نەكەن، ئاسایش و ئارامیی بەرقەرار نابێت، پێویستە میلیشیا چەكدارەكان لە دەڤەری شنگال دووربكەونەوە و دۆسیەی ئەمنی بكەوێتە دەست پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان''.
لەبارەی ھەنگاوەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكەش، راوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ كاروباری ئێزدییەكان، شێخ شامۆ گوتی: ''رێككەوتنەكە سیفەتی بەپەلەیان داوەتێ، بە ئامادەبوونی پارێزگاری نەینەوا بووە، چونكە قەزای شنگال لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە و، پێشتریش قەزای شنگال دامودەزگای شەرعی ھەبووە و دووبارە دەبێت ئەم دامودەزگایانە بگەڕێندرێتەوە بۆ شنگال''.
شێخ شامۆ گوتیشی: ''بۆ دانانی قایمقامێك ھەماھەنگی لەنێوان نەینەوا و ھەرێمی كوردستاندا دەبێت، چونكە دەورووبەری نەینەوا ھاوپەیمانی كوردستانییە و، پۆستی قایمقامی شنگالیش مافی كوردە، لە ھەموویشی گرنگتر كە دەستوەردانی دەرەكی لە شنگال نەمینێت و دۆخەكە ئارامببێتەوە''.
ئەو راوێژكارەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیوایشی خواست كە گرووپەكانی شنگال رێز لەو رێككەوتنە بگرن و گوتیشی: ''ھەرچەندە سياسەتى ئەوان كەمێك مرۆڤ بێ ئومێد دەكات بەڵام ئەوە بابەتێكی دەستوورییە و پێویستە ھەموو لایەك رێز لەو رێككەوتنە بگرن''.
لەبارەی ئاوەدانكردنەوە شنگال و شێوازی بونیادنانەوەی ژێرخانی قەزاكە، شێخ شامۆ گوتی: ''بە پلەی یەكەم ئەركی عێراقە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال بەڵام پێموایە شنگال پێویستی بە میزانییەكی گەورە ھەیە بۆ ئەوەی ژێرخانی قەزاكە بونیادبنرێتەوە''.
رۆژی ھەینی ٢٠٢٠/١٠/٠٩ شاندی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان رێبەر ئەحمەد سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كۆبوونەوە و، یەكەم كۆبوونەوەی شاندەكەی ھەرێمی كوردستانیش لەگەڵ راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسمی ئەعرەجی بوو و دواتر لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق مستەفا كازمی، بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق جینین پلاسخارت كۆبوونەوە و لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال رێككەوتنێكیان واژوو كرد.