تاران
عەلی ئەكبەر ساڵحی، سەرۆكی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند: روسیا دوو وێستگەی نوێی ئەتۆمی لە بوشەهر بنیاتدەنێت.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی دەنگ و باسی نیمچە فەرمی فارس، كە ناوەندەكەی لە تارانی پایتەختە، ساڵحی لە میانەی كردنەوەی پرۆژەی ئاوی بنكەی ئەتۆمی بوشەهردا رایگەیاندووە لە كاتێكی نزیكدا حكومەتی ئێران رێككەوتنێك لەگەڵ روسیادا واژوو دەكات بۆ دامەزراندنی دوو بنكەی نوێی ئەتۆمی لە شاری بوشەهری باشووری ئێران.
ساڵحی ئاماژەی بەوە كرد كە ئیستا جێگری سەرۆكی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران لە مۆسكۆ بەردەوامە لەسەر تاوتوێ كردنی ئەو بابەتە. ئەوەشی خستەڕوو كە رێككەوتنی نێوان ئێران و روسیا بۆ دروستكردنی بنكەی نوێی ئەتۆمی پیش كۆبوونەوەی نێوان روحانی و پوتین واژوو دەكرێت، كە بڕیارە مانگی داهاتوو كۆببنەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئێستا بە سەردانێكی فەرمی لە مۆسكۆیە و لەگەڵ لێپرسراوانی ئەو وڵاتەدا بابەتەكەی تاوتوێ كردووە.
مانگی مایس دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی "روسئەتۆنم" ی روسی و ئێران، گەیشتنە رێككەوتنی سەرەتایی سەبارەت بە دامەزراندنی بەلایەنی كەمەوە دوو بنكەی نوێی ئەتۆمی لە بوشەهر.
بنكە ئەتۆمییەكانی ئێران بەم شێوەیە دابەشبوون بەسەر شارەكانی ئەو وڵاتەدا: بنكەی وزەی ئەتۆمی لەشاری بوشەهر، گۆڕینی یۆرانیۆم لە شاری ئەسفەهان، پیتاندنی یۆرانیوم لە نەتەنز، بنكەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورس لە ئەراك.