Dilşad Seyfeddin Ahmet
02 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2016
ئاهەنگەكە لە پاركی هەواری شار كە دەكەوێتە سەروی شاری سلێمانییەوەو گەورەترین پاركی شارەكەیە بەڕێوەدەچوو، بەرپرس و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حزبە بە ئاڵا و پۆشاكی سەوزەوە (سەوز رەنگی فەرمی یەكێتییە) بەشداری یادەكە دەكەن و هەزاران كەس لە نێو پاركەكەدا ئامادەی رێوڕەسمەكەبوون.
ئەوەی بەشداربووانی ئاهەنگەكەی دڵخۆشكرد، بەشداری و بینینی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەلال تاڵەبانی بوو كە لە كۆتایی ساڵی 2012 ەوە بەهۆی نەخۆشییەوە لە كاری سیاسی دووركەوتۆتەوەو دوای ماوەیەكی زۆر لە مانەوەی لە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا گەڕایەوە شاری سلێمانی و لە ماڵی تایبەتی خۆی لە شارەكە دەژی و تائێستا ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە بەو شێوەیە لە نزیكەوە نەیان بینیوە، هەروەها بەشداری كردنی رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا و شاندێكی یاوەری هوتاف و ئاهەنگێڕانی لایەنگرانی ئەو حزبەی گەرمتر كرد.
ئەوەش یەكەمجارە نەوشیروان مستەفای جێگری پێشووی سكرتێری گشتی یەكێتی دوای جیابوونەوەی لە ساڵی 2006 لەو حزبە و پێكهێنانی بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداری ئاهەنگی یادی دامەزراندنی حزبە پێشووەكەی دەكات كە خۆی یەكێكە لە دەستەی دامەزرێنەرانی.
بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەتیف شێخ عومەر لە گوتەیەكدا بۆ ئامادەبووانی ئاهەنگەكە گوتی: "لەم 41 ساڵەی خەباتدا جگە لە سەركەوتن و دەسكەوتی بەنرخ بۆ میللەتەكەمان، دەرسی زۆر گرنگ فێربووین لە هەڵە و درز و نوچەكان، ئەم مێژووە گرنگە بۆتە نەخشەسازی سیاسەتەكانی ئێستا و ئایندەمان، بۆیە بۆ رێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردی و چارەسەری كێشەكان و تێپەڕاندنی قەیرانەكان هەمیشە رێگای رۆشنی دیالۆگ و دانوستان و لێگەتێگەیشتن و سازانمان هەڵبژاردووە و رێگای دووەممان لە خۆمان حەرام كردووە".
بەرپرسەكەی یەكێتی ئەوەشی گوت: "پاراستنی یەكڕیزی میلەتەكەمان و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیمان خستووەتە سەروی هەموو ئامانجەكانمانەوە، هەر لەم روانگەیەوە بە پشوویەكی درێژ و پەرۆشییەكی زۆرەوە هەوڵی زۆرمانداوە بۆ دۆزینەوەی دەروازەیەك بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسییەی بەرۆكی میلەتەكەمانی گرتووەو دەرەنجامەكەی پەكخستنی پەرلەمان و سستكردنی حكوومەت و پەكەوتنی پڕۆسەی سیاسی لێكەوتۆتەوە".
لەتیف شێخ عومەر لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا باسی لە رێكەوتنی سیاسی حزبەكەی و گۆڕان كردو گوتی: "رێكەوتنی سیاسیمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران هەنگاوێكە بەرەو ئەو ئاراستەیەدا بەرەو گۆڕینی ململانێ و كێبڕكێ و گرژی بۆ هەماهەنگی و هاوكاری و خۆسازدان بەرەو ئامادەكاری بۆ پێداویستی و ئەركە گرنگەكانی ئەم قۆناغە مەترسیدارەی گەلەكەمان و ناوچەكەی پێدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش باش دەزانین كە هاوسەنگی نێوان هێزە سیاسییە سەرەكییەكان پرەنسیپی گرنگ و كلیلی چارەسەرەكانە، ئێمە و بزووتنەوەی گۆڕان لە رێكەوتنی نێوانمان هەمان ئەو ئەرك و ئامانج و پرەنسیپانەمان دووپات كردۆتەوە كە دەمێكە باوەڕمان پێیەتی و بەشێكن لەبەرنامەی سیاسی ئێمە، زۆرێك لە حزبە سیاسییەكانیش تریش هاوبەشن لەگەڵ زۆرێك لە بڕگە و مادەكانیدا".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانی رایگەیاند "پێویستە هەمووان بە گیانی لێپرسراوێتی مامەڵە بكەین تاوەكو لە خاڵێكی هاوبەشدا یەك دەگرینەوە بۆ رێكخستنەوەی سیستمی سیاسی وڵات و كاراكردنەوەی دەزگاكان و سەروەری یاسا، هەمان كات رێگا ئاسان بكەین بۆ هەڵمەتێكی چاكسازی نیشتمانی كەسەرەنجام باری ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان چاك بكات ".
لە ئاهەنگەكەدا جگە لە خوێندنەوەی گوتار و پێشكەشكردنی گۆرانی و موزیك، چەندین چالاكی تر بە بۆنەی یادی دامەزراندنی ئەو حزبەوە پێشكەش كران.
ئەمڕۆ (41) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تێدەپەڕێت، ئەو حزبە لە دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی (1975) لەلایەن جەلال تاڵەبانی و ژمارەیەك لە هاوڕێكانی دامەزرێندرا و لە رۆژی 1/6/1975 یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی حزبەكە لە شامەوە بڵاوكرایەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستا سێ كۆنگرەی لە ساڵەكانی (1992، 2001، 2010) هەروەها چوار پلنیۆمی بەستووە و تائێستا جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی ئەو حزبەیە.