Zana Natık Kerem
01 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکردە لە رەوتی سەدر، محەمەد ساڵح عێراقی رایگەیاند کە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی سێ مەرجیان ھەیە، یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری لە چوارچێوەی ھەماھەنگی بکشێتەوە.
محەمەد ساڵح عێراقی کە بە وەزیری موقتەدا سەدر ناسراوە لە تویتێکدا، وەڵامی داواکەی ھادی عامری بۆ گفتوگردن لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی دایەوە و رایگەیاندووە "ئەگەر رەوتی سەدر سازش بکات و رازی بێت گفتوگۆ ئەنجام بدات، ئەوا لەسەر بنچینەی سێ مەرج دەبێت".
ئاماژەی بەوەیش داوە کە دوو لە مەرجەکان ئەوەیە، ھادی عامری ھاوپەیمانییەکەی لە چوارچێوەی ھەماھەنگی بکشێنێتەوە، ھەروەھا سەرکۆنەی ئەو تۆمارە دەنگییانە بکات کە دەگوترێت دەنگی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی-ن.
وەزیرەکەی موقتەدا سەدر لە مەرجی سێیەمدا بۆ ھادی عامری نووسیوویەتی "تۆ لەو کەسانە بوویت کە بەڵگەنامەی چاکسازیت واژووکردووە کە جێبەجێ نەکرا. کێ گرەنتی ئەوە دەدات کە چاکسازی جێبەجێ بکرێت؟ پێویستە گرەنتییەک بدەیت، بۆ ئەوەی پێکەوە عێراق لە گەندەڵی رزگار بکەین".
ساڵح محەمەد عێراقی لە تویتەکەیدا، ھەروەھا نوری مالیکی بە "سپایکەرمان" ناودەبات وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە بنکەی سپایکەر لە پارێزگای سەڵاحەددین ئەنجامدار و بەھۆیەوە دوو ھەزار سەرباز و قوتابی کوژران کە ئەو کات نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
پێشتر سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری داوای لە رەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی کرد کە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دەست بە گفتوگۆی جیددی و بنیاتنەرانە بکەن.
ئەمەیش لە کاتێدایە تا ئێستا خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، دژبە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بەردەوامە.
پێشتریش چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای لە لایەنگرانی خۆی کرد کە یەکی ئابی ٢٠٢٢ لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بە ئامانجی بەرگرتن لە سووکایەتییکردن بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، خۆپیشاندانی ئاشتییانە ئەنجام بدەن.