واشنتۆن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵی 2014یدا سەبارەت بە تیرۆر دەڵێت، "ئەورووپا رووبەڕووی مەترسی ئەو شەڕڤانە تیرۆریستانە بۆتەوە كە پەیوەندی بە ریزەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و بەرەی نوسڕە دەكەن".
لە بەشی ئەورووپای راپۆرتی جیهانی ساڵانەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەسەر ئەو مەترسیانە كردۆتەوە كە ئەو شەڕڤانە بیانیانەی دەچنە سووریا و عێراق لەسەر كیشوەرەكە دروستی دەكەن.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە زۆربەی ئەو شەڕڤانە بیانیانە لە هەردوو وڵاتی فەڕەنسا و بەلجیكاوە رۆیشتوون، هاوكات وڵاتانی ئەلبانیا، كۆسۆڤۆ، بۆسنەوهەرسك بە سەرچاوەی ناردنی شەڕڤانانی بیانی تیرۆریست دانراوە بۆ سووریا و عێراق.
راپۆرتەكە باسیشی لەوە كردووە كە رێكخراوە توندڕەوە تیرۆریستییەكانی وەك DHKP/C لە توركیا، كە بە ئایدۆلۆجیای چەپڕە و نەتەوەیی ناسراوە بەردەوامە لەسەر دروست كردنی كاریگەریەكانی.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو شەڕڤانە بیانیە تیرۆریستانەی كە دەگەڕێنەوە بۆ ئەورووپا بەرپرسیارن لەو پەلامارە تیرۆریستیانەی لە كیشوەرەكە روو دەدەن. لەو چوارچێوەیەشدا چەند بەڵگەیەك خراوەتەڕوو لەوانە "ئەو هاووڵاتییە فەڕەنسیەی هێرشی كردە سەر مۆزەخانەی جوولەكەكان لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا و چوار كەسی كوشت، هەروەها لە مانگی ئاداردا سێ كەسی دیكە كە پێشبینی دەكرێت لە سووریا گەڕابنەوە سێ كەسیان كوشت كە پۆلیس و جەندرمەشیان لەنێودابوو".
راپۆرتەكە، توركیای وەك شوێنی پەڕینەوە شەڕڤانانی بیانی تیرۆریست داناوە، ئەوەیش بەهۆی ئەو سنوورە دوور و درێژەی كە لەگەڵ هەریەك لە سووریا و عێراق هەیەتی، هاوكات ئەوەشی خستۆتەڕوو كە توركیا لە ساڵی 2014دا هەماهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا زیاد كردووە كە شەڕڤانە تیرۆریستیە بیانییەكانی لێوە دێن و بەشێوەیەكی توندتر كۆنترۆڵی ئەو كەسانە دەكات كە گەشت بۆ وڵاتەكەی دەكەن.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە وڵاتانی ئەورووپا، یاساكانی ئێستایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی شەڕڤانانی بیانی بەهێزتر كردووە و لە كاتی پێویستیشدا یاسای نوێ دەردەكەن. وڵاتانی وەك نەرویچ و دانیمارك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، بە هاوكاری كۆمەڵگا و رابەرانی ئایینی ستراتیجی گرنگیان داناوە.
لە كاتێكدا وڵاتانی ئەورووپا، لەبەرامبەر هەڕەشەكانی تیرۆردا لە ناوەوە و دەرەوە هەنگاوی پێویستی بەهێزیان ناوە، لە هەمان كاتدا هاوكاری گەورەش پێشكەش دەكەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەسەرتاسەری جیهاندا.
نزیكەی 40 وڵاتی ئەورووپی لەگەڵ یەكیتی ئەورووپادا هاوكاری ئەو هاوپەیمانێتیە دەكەن كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش پێكهێنراوە.
هەوڵە گرنگەكانی فەڕەنسا لە خۆرئاوای ئەفریقا، ئیسپانیا لە باكووری ئەفریقا و بیابانی ئەفریقا. دانیمارك لە ئەفغانستان، وەك نموونەی هەوڵی وڵاتانی كیشوەری ئەورووپا نیشاندراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.