واشنتۆن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ دەربارەی تێرۆر وێڕای ئاماژەدان بەوەی حكوومەتی توركیا هەوڵەكانی رێگریكردن لە جەنگاوەرانی بیانی بۆ چوونە سووریا و عێراق لە رێگەی توركیاوە، چڕكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە توركیا ئەندامێكی كارای هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعشە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ''راپۆرتی تێرۆری ساڵی ٢٠١٤''ی بڵاوكردەوە
لە بەشی توركیادا راپۆرتەكە باسی لەوە كردوە ئەو وڵاتە بەرێژەیەكی بەرچاو زیادبوونی دڵەڕاوكێی خۆی سەبارەت بە بوونی گرووپەكانی تێرۆریستی وەك داعش، بەرەی نوسڕە و ئەو گرووپانەی پەیوەستن بە قاعیدەوە لەسەر سنوورەكانی هێناوەتە سەر زمان، كە بەهۆی پێكدادانەكانی نێوخۆیی سووریاوە ئەو گرووپانە هاتوونەتە ئەو سنوورانە.
توركیا كە وەك وڵاتی ''سەرچاوە و راگووزەر'' لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە لەڕووی ئەوەی كە بەدرێژایی ساڵ راڕەوی تێپەڕینی ئەو جەنگاوەرە بیانییانە بووە كە ویستوویانە پەیوەندی بەو گرووپە تێرۆریستییانەوە لە سووریا بكەن، باس لەوەش كراوە حكوومەتی توركیا هەوڵەكانی رێگریكردن لە جەنگاوەرانی بیانی بۆ چوونە سووریا و عێراق لە رێگەی خاكەكەیەوە چڕكردووەتەوە.
لەچوارچێوەی ئەو هەوڵەنەدا باسی هەریەك لە ''كارپێكردنی لیستی ئەو كەسانەی قەدەغەیە بێنە ناو وڵات'' و ''پێكهێنانی یەكەی شیكردنەوەی مەترسییەكان'' كراوە.
لە راپۆرتەكەدا باسی ئەوە كراوە لەو بارەیەوە هاریكاری نێوان وڵاتانی دیكەی سەرچاوەی ئەو چەكدارانە بە درێژایی ساڵ زیادی كردووە و توركیا و ئەو وڵاتانەی دیكەش كە سەرچاوەن سەرگەرمی بەرەوپێشبرنی سیستمی ئاڵوگۆڕ پێكردنی زانیارییەكان بوون، هەروەها توركیا ئەندامێكی كارای هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییە لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا.
هەر لەو راپۆرتەدا ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە گەورەترین رێكخراوی تێرۆریستی كە لە توركیادا چالاكی ئەنجام دەدات بریتییە لە پەكەكە و ''دوای نزیكەی ٣٠ ساڵ لە پێكدادان لەگەڵ پەكەكەدا لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٢دا حكوومەتی توركیا و سەرۆكی پەكەكە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستییان بە گفتوگۆكانی ئاشتی كرد و ئەو گفتوگۆیانە تا ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بوون و پەكەكە لە ئازاری ٢٠١٣دا ئاگربەستی راگەیاند.
لە راپۆرتەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی پەكەكە توركیا داوای هاوكاری لە ئەمریكا كردووە و ''ئەگەرچی گفتوگۆكانی ئاشتی لەنێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیادا درێژەی هەیە و بووەتە هۆی نەهێشتنی تا رادەیەكی توندوتیژی بەڵام حاڵەتە شازەكان بەردەوام بوون''. ئەوەشی بیر هێناوەتەوە هێرشەكانی پەكەكە بۆ سەر هێزەكانی ئەمنی توركیا جار جار بوونیان هەبووە و لەو چوارچێوەیەشدا لە مانگی ئەیلوولی رابردوو لە هێرشێكدا سێ پۆلیس كوژران.
لەبەشی ''رێكخراوەكانی تێرۆریستی بیانی'' و لە باسی ''پەكەكە/ كۆنگرەی گەل''ی راپۆرتەكەدا هاتووە ''پەكەكە ئارەزووی دەخواست لە باشووری خۆرهەڵاتی توركیا دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی دابمەزرێنێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا باس لە ئۆتۆنۆمییەك دەكات لە چواچێوەی توركیادا كە گرەنتی زیاتری مافە كولتووریی و مافەكانی بەكارهێنانی زمان بكات''.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە ئەندامانی پەكەكە ژمارەیان لە نێوان ٤ بۆ ٥ هەزار كەسدایە و لەم ژمارەیەش سێ هەزار بۆ سێ هەزار و ٥٠٠ كەسیان لە باكووری عێراقن و پەكەكە لە توركیا، عێراق، سووریا و ئەورووپا چالاكی ئەنجام دەدات.
لە كاتێكدا لە راپۆرتەكەدا باس لەوەكراوە بەهۆی پەیوەندییان بە پەكەكەوە حكوومەتی توركیا پەیەدە كە ناوەندی لە سووریایە و باڵە سەربازییەكەی كە بریتییە لە یەپەگە وەك رێكخراوی تێرۆریستی دەبینێت، ''سەرنج بۆ پەیوەندی توركیا بە حەماسەوە راكێشراوە كە لەلیستی رێكخراوەكانی تێرۆریستی ئەمریكدایە و لە كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٤دا خالد مەشعەلی سەركردەی رێكخراوەكە لە كۆنگرەی ئاك پارتیدا بینرا''.