Rewa Mahmood Hasan
21 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی-AA
لەگەڵ کۆتاییهاتنی یەکەمین رۆژی چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان چەند پۆستێک لە نێو ئەو حزبەدا یەکلاییبوونهتهوه.
بەپێی زانیارییەکان جێگری یەکەمی پێشووی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، کۆسرەت رەسوڵ عەلی به سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی هەڵبژێردراوه.
هاوکات هەریەک لە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، جێگری سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، رێواز فایەق وەک ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتیی دەستنیشانکراون.
بەپێی زانیارییهكانی سەرچاوەیەکی تایبەتی ئاژانسی ئانادۆڵو رێككهوتن لهسهر ئهوهكراوه كه سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح وهك سەرۆکی نوێی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ههڵببژێردرێت.
ئەو سەرچاوە تایبەتە كه ئهندامی كۆنگرهی چوارەمی یەکێتییە و نهیویست ناوی ئاشكرابكرێت، ئاماژەی بەوەدا ئەگەری زۆره بەرهەم ساڵح وەک سەرۆکی نوێی یەکێتیی ههڵببژێردرێت و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی لەمبارهیهوه سازاون.
سهرچاوهكهی ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكراشیكرد سەرۆکی یەکێتیی چوار بۆ شهش یاریدهدهری دهبێت کە لەنێو ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتییەوە دیارییدەکرێن.
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و بەردەوام ئەگەر و دەنگۆی دواخستنی کۆنگرە، سەرئەنجام ئەمڕۆ چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبەشداریی هەزار کەس لە هەڵبژێدراوانی کۆمیتە و مەڵبەندەکانی ئەو حزبە لەژێر ناوی کۆنگرەی نوێبوونەوە لە شاری سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد.