Hemin Othman Mohammed
20 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2024
سلێمانی - AA
ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان-عێراق، سەڵاحەددین محەمەد بەهائەدین لە بنکەی سابڵاخ لە شاری سلێمانی دەنگی دا.
بەمەبەستی بەشداری کردن لە شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی چووە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگی دا.
لە پەیامێکیدا بۆ هاووڵاتیان و دەنگدەران، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو داوای کرد ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن و بەشداری لەم پرۆسە دیموکراسییەدا بکەن.
لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراقدا، دوو ملیۆن و ٨٩٩ ھەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و ٦٨٣ ھەزار و ٦١٨ کەس دەنگدەری گشتیین و ئەمڕۆ دەنگ دەدەن و، ٢١٥ ھەزار و ٩٦٠ کەسیشیان دەنگدەری تایبەتن کە ڕۆژی هەینی دەنگیان دا.
ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٧:٠٠ بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەرانی هەرێمدا کرایەوە و، دەنگدەران دەتوانن تا کاتژمێر ١٨:٠٠ دەنگ بدەن.
بۆ یەکەمجارە ئەم خوولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بە سیستمی چوار بازنەیی و ئەلیکترۆنی بەڕێوەدەچێت و، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق سەرپەرشتی دەکات.