Rewa Mahmood Hasan,Sarmand Hameed
21 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان،سۆزان خاڵە شيهاب ئاشكرایكرد سبەینێ لە دووەم رۆژی چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانییدا دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت کە ژمارەیان ١٢١ کەس دەبێت.
سۆزان خاڵە شيهاب لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "لە یەکەم رۆژی کۆنگرەدا کە ئەمڕۆ دەستی بەکارەکانی کرد، چەند بڕگەیەکی پەیڕەوی ناوخۆ پەسهندكران".
پێشتر ئەندامی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، عەدالەت عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکرد، سێ کەس بەشێوەی دەنگدانی راستەوخۆ و بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە، بە ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی متمانەیان پێدراوه کە بریتیین لە ههریهک له سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواس فایەق و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی.
لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی یەکێک لەو سێ کەسەی متمانەی کۆنگرەیان پێدراوە بە سەرۆک یان سکرتێری یەکێتیی، سۆزان خاڵە شەهاب گوتی: "ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی گشتیی کە ژمارەیان ١٢١کەسە، ئەوان بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک یان سکرتێر دەدەن".
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و بەردەوام ئەگەر و دەنگۆی دواخستنی کۆنگرە، سەرئەنجام ئەمڕۆ چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبەشداریی هەزار کەس لە هەڵبژێدراوانی کۆمیتە و مەڵبەندەکانی ئەو حزبە لەژێر ناوی کۆنگرەی نوێبوونەوە لە شاری سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد.