Dlshad Saifaalddin Ahmed
07 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
سلێمانى ـ AA
لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، یەک لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە بریتى بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسى سەندنەوەى متمانە لە سەرۆکى فراکسیۆنى خزمەت لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، فەیسەل ئیبراهیم کە لەسەر پشکى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستانە.
سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، ئازاد محەمەد ئەمین بە ئەندامانى ئەنجوومەنى راگەیاند، لە لایەن فەیسەڵ ئیبراهیمەوە نووسراوێکى ئاراستە کراوە و داواى کردووە لەم خولەى ئەنجوومەنەکە ببەخشرێت، بەڵام لە لایەن ئەندامانى ئەنجوومەنەوە ئەو داوایە رەتکرایەوە و داوا کرا بە پێى کارنامەى ئەنجوومەن پرسى سەندنەوەى متمانە لە ناوبراو بخرێتە دەنگدانەوە، دواتر بە زۆرینەى دەنگى ئەندامانى ئەنجوومەنەکە لە کارەکەى دوورخرایەوە.
فەیسەڵ ئیبراهیم لەسەر فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان، بویە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا، ماوەى پێنج مانگە لە وڵاتى بەریتانیایە و نەگەڕاوەتەوە بۆ دەوامى ئەنجوومەن، بەو هۆیەوە کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان داواى دوورخستنەوەى کرد.
لە کۆبوونەوەى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە لایەن بەشێک لە ئەندامانى ئەنجوومەنەکەوە داواى لێپێچینەوە لەو ئەندامانەى ئەنجوومەن کرا کە ماوەیەکى زۆرە لەناو ئەنجوومەنەکە دەوامیان نەکردووە.