سلێمانی
ئەمڕۆ لە ھۆڵی تایتانیك لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی و پەرلەمانتارانی كوردستان، یەكێتی رۆشنبیرانی رۆژئاوا یەكەمین كۆنفراسی خۆی دەستپێكرد.
كۆنفراسەكە بەدروشمی (رۆژاڤا قیبلەگاھا ھەست و ھەڵوێستە) بەڕێوە دەچێت و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، تێیدا ٤٠ ئەندامی رێكخراوەكە بەشدارن و سەرەتای كۆنفراسەكەش بە وتاری ئامادەبووان دەستی پێكرد.
ئەندامێكی كۆمیتەی ئامادەكاری كۆنفراس ھۆزان عفرینی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە كۆنفراسەكەدا پەیڕەوی نێوخۆی یەكێتی رۆشنبیرانی رۆژئاوا ھەموار دەكەینەوە و گفتوگۆی لەسەر دەكەین، ھەروەھا ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی گشتی رێكخراو دەكەین لە ساڵی داھاتوودا لە رۆژئاوا بە بەشداری سەرجەم لقەكانی رێكخراوەكە".
یەكێتی رۆشنبیرانی رۆژئاوا لە دوای خۆپیشاندان و راپەرینی شاری قامیشلۆ لە ساڵی ٢٠٠٤ لە ئەورووپا دامەزراوە، لقی سەرەكی رێكخراوەكە لە ئەورووپایە و ساڵی رابردوو لقی دووەمی خۆی لە شاری دیاربەكر كردەوە.
عفرینی گوتی: "بڕیارمانداوە بە كردنەوەی لقی سێیەمی رێكخراو لە ھەرێمی كوردستان و بارەگاكەشی لە شاری سلێمانی دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەم كۆنفراسەدا بڕیاری كۆتایی لەسەر كردنەوەی لقەكە و ئەندامانی دەدەین".