ههولێر
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بۆردومانی فڕۆكەكانی جەنگی توركیا ئیدانە دەكات و رایدەگەیەنێت پێویستە هێزەكانی پەكەكە گۆڕەپانی شەڕ لە هەرێمی كوردستان دوور بخەنەوە.
بەیانی ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەكانی سوپای توركیا لە زارگەلی ژمارەیەك هاووڵاتی بێ تاوان شەهید و بریندار بوون. سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ئێمە لە كاتێكدا كە ئیدانەی ئەم بۆردومانە دەكەین كە بووەتە هۆی شەهیدبوونی خەڵكی هەرێمی كوردستان، داوا لە توركیا دەكەین بۆردومانكردنی خەڵكی مەدەنی دووبارە نەبێتەوە و شەهیدكردنی هاووڵاتی مەدەنی هەرێمی كوردستان هیچ پاساوێك هەڵناگرێت".
هەروەها لە بەیاننامەكەدا هاتووە: "پێویستیشە هێزەكانی پەكەكە گۆڕەپانی شەڕەكە لە هەرێمی كوردستان دوور بكەنەوە و چیتر هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان نەبنە قوربانی ئەو شەڕ و ململانێیە. بەردەوامی شەڕ زیانی بۆ خەڵكی مەدەنی دەبێت و داوا دەكەین لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی".
لە درەنگانی شەوی رابردوو بەهۆی هێرشی فڕۆكەكانی توركیا هەشت هاووڵاتی لەگوندی زارگەلی لە سنووری بناری چیای قەندیل شەهید و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون. بریندارەكان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی رەوانەی نەخۆشخانەی قەزای سۆران كران.