ئەنقەرە
پاش بڵاوبوونەوەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە ٢١ی ئاب لە لایەن رژێمی سوریاوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای نزیککردەوە لە خاڵی بڕیاردان بۆ ھێرش کردنە سەر سوریا. بەمەش ھێزی ئاسمانی و دەریایی ئامادەن بۆ ئەگەری دەستوەشاندن.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ھەر بڕیارێک کەشتییە جەنگیەکانی لەدەریای ناوەڕاست ئامادەن. بەئامادەبوونی کاربەدەستانی سەربازیی بەریتانیا و فەرەنسا لە (عەممان)ی پایتەختی ئوردن، ئەمڕۆ چوارشەممە تاوتوێی سیناریۆی پەلاماردانی سوریا کرا.
ئەمریکا خاوەنی (١.٤) ملیۆن سەربازی چالاکە لەگەڵ (٧٥٠) بنکەی سەربازیی لە سەرانسەری جیھان ھەیە، سەرباری کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانی لەلایەن دەوڵەتەوە، تا ئێستاش گەورەترین ھێزی جیھانە.
سیناریۆی جیاواز ھەیە لە لایەن ئەمریکا بۆ ھێرشکردنە سەر سوریا لەمانەش بەکارھێنانی مووشەکی دوورھاوێژ بەھۆی کەشتی و ژێرئاوگەڕی جەنگی. یەکێک لە سیناریۆکان بەکارھێنانی ئەو پلانەیە کە بەرامبەر سەرۆکی لیبیا (موعەممەر قەزافی) لەساڵی ٢٠١١ بەکارھات.
ئەوەش بە واتەی ئەوە دێ کە ھێزی ئاسمانی و دەریایی ڕۆڵێکی گەورە دەبینن. ئەگەری بەکارھێنانی بنکەی سەربازی وڵاتانیش لە ئارادایە، لەوانەیش بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی تورکیا، قەتەر، عومان و بەحرەین. ھەروەھا بنکەی سەربازیی بەریتانیا لەقوبرس، نزیکترین بنکەیە لە سوریا.
سەرۆکوەزیرانی عیراق (نوری مالیکی) ھەرزوو رایگەیاند: ئەوان رازی نابن بە بەکارھێنانی ئاسمانیی عیراق بۆ ھێرشکردنە سەر سوریا، دوێنێش بەرپرسێکی حوکمەتی ئوردون کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا ببێ گوتی" ئێمەیش رازی نین بە لەئوردونەوە بنکەی سەربازیی بەکاربھێنرێ بۆ ھێرشکردنە سەر سوریا".
ئەو قسانە وایکرد ئەگەری بەکارھێنانی بنکە سەربازییەکانی دەریای ناوەڕاست و قوبرس بەرز بێتەوە.لە بارەی بەکارھێنانی بنکەی سەربازیی لە تورکیا، ھیچ داواکارییەک لە لایەن ئەمریکاوە پێشکەش بەو وڵاتە نەکراوە ، بەکارھێنانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیش ئەگەرێکی دیکەیە بەڵام گواستنەوەی ئەم فرۆکانە کارێکی گرانە.
ھەرچەندە کاربەدەستانی ئەمریکاو بەریتانیا رەتیانکردەوە جارێ گەیشتبنە دوایین بڕیار لەبارەی بەکارھێنانی ھێز، بەڵام واپێدەچێ سیناریۆکان وردتر دابڕێژرێن بەر لەیەکلایی بوونەوەی بڕیاری سەرۆکەکان.