بەغدا
سەرۆكی رەوتی سەدر موقتەدا سەدر بەیاننامەیەكی لەبارەی لێدوانەكانی دوێنێی سەرۆكوەزیرانی عێراق نوری مالكی لەبارەی رەوشی دەڤەرەكە سونییەكان بڵاوكردەوە و كۆپیەكی دەست ئاژانسی ئەنادۆڵو كەوتووە.
لە بەیاننامەكەدا موقتەدا سەدر وەڵامی لێدوانەكانی مالكی دایەوە كە تیایدا كاتێكی دیارینەكراوی بۆ چۆڵكردنی خۆپیشاندنەكانی ئەنبار راگەیاند و گوتبووی كە ئەو گۆڕەپانانە بونەتەوە بنكەی رێكخراوی قاعیدە و هەڕەشەی لە هەندێ لایەنی سیاسی كرد كە لەبەرامبەر كوشتنی فەرماندری سەربازی و پۆلیس خۆشحاڵیان پیشانداوە.
لە بەیاننامەكەیدا موقتەدا سەدر گوتی: " گوێم لێبووە مالكی هەڕەشەی لە خۆپیشاندانی رۆژئاوای عێراق كردووە، من لەوبارەوە دەڵێم نابێ ئەم لێدوانە سەرەتای شەڕی تایفی لەگەڵ سونییەكان بێ بەڵكو دەبێ زیاتر تیرۆر بكاتە ئامانج و لە هەمان كاتدا نابێ ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان چونكە ئەنجامەكەی باش نابێ. باشتر وایە پرسی هەڵكوتانە سەر و هەڵوەشاندنەوەی گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان ببرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێ و بە یەك لایەنی ئەو بڕیارە نەدرێ."
هەر لە بەیاننامەكەدا سەرۆكی رەوتی سەدر داوای لە مالكی كر لە جێگەی هەڕشەی بەكارهێنانی هێز؛ گفتوگۆ لەگەڵ خۆپیشاندەرەكان بكا باشترە و جەختیشیكردەوە هێرشكردنە سەر فەرماندارە سەربازیەكان و كوشتنیان و خراپی كاری هەواڵگیری پێویستی بەوەیە بە پەلە و بەشێوەیەكی رژد حكومەت چارەسەری بۆ بكا لەبەر ئەوەی سوپا هی هەموو گەلی عێراقە نەك پارتی دەستەڵاتدار و ئێمە ئەو كارە پرۆتەستۆ دەكەین و پشتگیری سوپاكەمان دەكەین بۆ بەردەوامی بەرگریكرن لە یەكپارچەیی وڵات.
لەبارەی هەڕەشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام داعش بۆ دەستبەسەراگرتنی پارێزگەی كەركوك، سەدر گوتی: "بە هەموو شێوەیەك ئامادەین بەرگری لە شاری كەركوك بكەین و رووبەرووی هەموو دوژمنكاریەكانی داعش و هەموو رێكخراوەكانی دیكە دەبینەوە كە دەیانەوێ زیان بە عێراق و گەلەكەی بگەیەنن."
ئەم هەموو پێشوەچوونەش دوای ئەوە دروستبوو كە چەند رۆژێكی رابردوو ژمارەیەك لە چەكدارانی داعش بۆسەیەكیان بۆ هێزەكانی عێراق لە دۆلی حۆرانی نزیك سنوری سوریا دانابۆوە و لەئاكامدا 16 فەرماندە و ئەفسەر و سەربازیان كوشت كە فەرماندەی تیپی حەوتی سوپای عێراق لیوا روكن محەمەد ئەلكرەوی لەناو كوژراواندابوو و 34ی دیكەشیان برینداركرد.
هەروەها دوێنێش چەند ئۆپەراسیۆنێك لە ئەنبار لە دژی رێكخراوی قاعیدە لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستپێكراوە و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە و شەڕ و پێكدادانی توند لە دۆڵی حۆران و دۆڵی سپی رۆژئاوای ئەنبار كە دوو شوێنی زۆر ئاسێن، بەردەوامە. ئەو ناوچانە بە بنكەی سەرەكی رێكخراوە توندڕۆكان دادەدنرێ بە تایبەت رێكخراوی قاعیدە.