Rewa Mahmut Hasan
22 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2016
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند "هەندێک جار کە باس لە پەیەدە-یەپەگە دەکەین، لایەنەکانی نزیک لە پرۆپاگەندی پەکەکە وای دەخەنەوە و دەڵێن، تورکیا دژ بە دەسکەوتەکانی کوردە، لێرە و لەوێ هەڵمەت دەست پێ دەکەن. من لێرەوە جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە، تورکیا کێشەی لەگەڵ کورد لە سووریا، عێراق، ئێران و تورکیادا نییە. ئێمە کێشەی پەکەکە-مان هەیە. ئێمە کێشەی رێکخراوە تیرۆریستیەکانمان هەیە".
کاڵن لەمیانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەرەتەی خەبەردا باسی لە پرسە ناوچەیی و جیهانیەکان کرد.
لەسەرەتادا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتەوە کالن ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا و رووسیا و یەکێتی ئەورووپا بەڕێزەوە دەڕواننە ئۆپەراسیۆنەکە و گوتی: "لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکەوە دەرکەوت کە دەتوانرێت شەڕی هێزە ناوخۆییەکانی سووریا و سوپای سووریای ئازاد دژبە داعش بەهێز تر بکرێت، ئەمە نیشانی دەدات کە یەپەگە لەم بارەیەوە پرۆژەیەکە. واتە ئەگەر ئێوە یارمەتی هەواڵگری و سەربازی و سیاسی یەک رێکخراو بدەن، هەڵبەت ئەو ریکخراوەش لە مەیدانەکەدا بەهێز دەبێت و سەرکەوتوو دەبێت. سەیر بکەن ئۆپۆزسیۆنی سووریا ماوەی دوو سێ ساڵی دوایی رووبەڕووی کێشە بووەتەوە و ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڵێنی پێدا بوون، جێبەجێ نەکرا".
لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا کاڵن باسی لە گرنگی دروست کردنی ناوچەیەکی ئەمنی کرد بۆ رێگریکردن لە کۆچ و ئاوارە بوون و ئاشکراشی کرد کە ئەو بیرۆکەیە وەک پرەنسیپ لەلایەن هەموو کەسێکەوە پشتگیری دەکرێت بەڵام لە رووی پراکتیکیەوە کەس نەکەوتووەتە خۆی بۆ جێبەجێکردنی، ئەوەی تورکیا دەیخوازێت ئەنجامی بدات، بە پشتگیری کردنی ئۆپۆزسیۆن گۆڕینی راڕەوی تیرۆرە بۆ رارەوی ئەمنی.
لە بەرنامەکەدا کاڵن باسی لەوە کرد کە هێشتا ئەمریکا لەهەڵوێستێکی هەڵەدایە بەرامبەر بە یەپەگە و گوتی: "هەندێک جار کە باس لە پەیەدە-یەپەگە دەکەین، لایەنەکانی نزیک لە پرۆپاگەندی پەکەکە وای دەخەنەوە و دەڵێن، تورکیا دژ بە دەسکەوتەکانی کوردە، لێرە و لەوێ هەڵمەت دەست پێ دەکەن. من لێرەوە جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە، تورکیا کێشەی لەگەڵ کورد لە سووریا، عێراق، ئێران و تورکیادا نییە. ئێمە کێشەی پەکەکە-مان هەیە. ئێمە کێشەی رێکخراوە تیرۆریستیەکانمان هەیە.
یەپەگە رووبەڕووبوونەوەی داعش بۆخۆی بەکاردەهێنێت و هەوڵدەدات دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی خۆی فراوان بکات و راڕەوێک بۆخۆی دروست بکات، تورکیا رێگە بەکارێکی لەو چەشنە نادات، بەهۆی دروست کردنی هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی و لە رووی پاراستنی یەکڕیزی خاکی سووریاشەوە کارێکی گونجاو نییە.
لەبارەی داخوازی ئەمریکا لە تورکیا لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆسەر شاری رەققە، کاڵن ئاماژەی بەوەدا کە دانوستانەکان بەردەوامیان هەیە و ئاشکراشی کرد کە تورکیا پشتگیری لە پاککردنەوەی تەواوی شارەکانی سووریا دەکات لە داعش بەڵام هیچ کاتێک بەشدار نابێت لەئۆپەراسیۆنێکدا کە هاوکات یەپەگەو پەیەدەشی تێدابێت.
لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا کاڵن ئاماژەی بەوەدا کە بەئیرادەیەکی بەهێزو پلانێکی تەواوەوە دەتوانرێت جەنگی ناوخۆی سووریا کۆتایی پێبێت و هەوڵەکانی تورکیاش لەوبارەیەوە بەردەوامی هەیە.