ھەولێر
لەسەر داوەتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، بڕیارە سبەی پێنجشەممە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم نێچیرڤان بارزانیسەردانی ئەنقەرە بکات و لەگەڵ ئەردۆغان کۆ ببێتەوە.
گوتەبێژی رەسمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی لەلێدوانێکی بۆ پەیامنێری AA سەبارەت بە سەردانە ڕەسمیەکەی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "سەردانەکەی بارزانی تایبەتە بە تاوتوێکردنی مەسەلەی وزە لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا، ھەروەھا باسکردنە لە گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و قەیرانی سوریا، ئومێدەوارین پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و ھەرێم بەرەو باشتر و بەرزتر بڕوا."
دزەیی لەبارەی رێگەنەدان بە تێپەڕبوونی ساڵح موسلیم سەرۆکی پەیەدە بەسنوری پێشخابور بۆ عێراق گوتی: "دەڵێن سنورەکان داخراون، بەڵام وەک دەبینین ھاوکارییە مرۆییەکان بەردەوامن و سنورەکانیش دانەخراون، بارەگای نوێنەرایەتی پەیەدەش لە ھەولێر کراوەیە، ئەم مەسەلەیە تەنھا سیاسییە، ھیوادارین ئەم جۆرە کێشانە دووبارە نەبنەوە، پێویستە پارتە سیاسیەکان و سەرجەم لایەنەکان ڕێز لە یاسا و خەباتی گەلی کوردستان بگرن."
ھەروەھا گوتی: "ئەگەر تەماشای کارەکانی رابردووی حکومەت بکەین دەردەکەوێ کە تێڕوانینی حکومەت بۆ مەسەلەکە بابەتییە، ئێمە دەمانەوێ پەیوەندیەکی پتەو لەنێوان سەرجەم پارتە کوردیەکانی سوریادا ھەبێ، دوو ساڵ دەبێت رێکخستنێکی بەھێز لەنێوان پارتە کوردیەکانی سوریا دروست بووە و لەنێوان خۆیاندا رێکەوتنیان لەبارەی چەند مەسەلەیەک واژوو کرد، بەداخەوە پەیەدە رێکەوتنەکەی پێشێل کرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە ھاوکاریەکانمان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سوریا بەردەوام بووین."
گوتەبێژی حکومەتی ھەرێم گوتی: "دەمانەوێ سەرجەم پارتە سیاسییە کوردیەکانی سوریا پشتیوانی یەکتر بکەن، پەیوەندی نێوانیان بەھێز بکەن، دوور لە خولقاندنی مەترسی بۆ یەکتری لە کارەکانیان بەردەوام بن."
سەبارەت بەپێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش دزەیی گوتی: "دادگا بڕیاری پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردەنەکانی ئاشکرا کرد، ماوەیەکی یاساییمان لەپێشە بۆ کۆبوونەوەی ئەندامانی پەرلەمان، لەو ماوەیەدا پەرلەمانتاران لە پەرلەمان کۆدەبنەوە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، پاشان مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوا لە پارتە براوەکان دەکا لە ماوەی یەک مانگدا کابینەی نوێی حکومەت پێکبھێنن، لەئەنجامدا حکومەت پێک دەھێنرێ. دیدار و گفتوگۆ لەنێوان پارتەسیاسیەکاندا ھەیە و ھیوادارین حکومەتێکی بنکەفراوان پێک بێ، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە کوردستان بەردەوام بێ."