هەولێر
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ ستیوارت جۆنز و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە جۆزێف پێنینگتۆن كۆنسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای سەربازیی سوپای ئەمەریكا.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دیدارەكەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستان و ئازادكردنی شاری مووسڵ خراوەتە بەر باس و گفتوگۆ. هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخی نالەباری ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار تاوتوێ کراوە.
بەپێی ئەو هەواڵە هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە ئەمەریكا روانگەیەكی تەواو یەكگرتوو هەیە لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و هەروەها ئەوەیشیان دووپات كردەوە كە هاوكارییەكانی سوپای ئەمەریكا بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەردەوام دەبێت و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی فراوانتر دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سووریا و چۆنییەتی رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستان لە سووریا تاوتوێ كرا.