Fahrettin İbrahim,Sarmand Hameed
15 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2016
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە لە دیدارەكەدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا باسی لە بارودۆخی سیاسیی سووریا كرد و هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر ڕووداوی دەستبەسەركردنی خۆی لە لایەن هێزەكانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان و باسیشی لە ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانی خەڵكی ڕۆژئاوا كرد لەدژی دەستگیركردنی لە لایەن دەستەڵادارانی ڕۆژئاوای كوردستان.
لە دیدارەکەدا سەرۆكی هەرێمی کوردستان ناڕەزایی خۆی نیشاندا بەرانبەر ئەو كارەی هێزەكانی پەیەدە لەدژی سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ئەنجامیان داوە و بە كارێكی دژی دیموكراسی فرەلایەنی و خنكاندنی ئازادی وەسف كرد و بە توندی ئیدانەی كرد.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە كە ڕێگەگرتن لە ئازادیی سیاسی و دەستگیركردنی كەسایەتە سیاسییەكان لە لایەن پەیەدەوە داهێنانی نەریتێكی ناشرین و ناشارستانییە و دژی بنەماكانی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەرییە و پێویستە ڕێگەی لێ بگیرێت و كۆتایی پێ بهێنرێت.