ھەولێر
دوای ئەوەی لە ھەندی میدیای شاری بەغدا باسیان لە سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران کردووە، کوتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێم لە ماڵپەری سەرۆکایەتی بڵاویکردەوە ئەو هەواڵانە راست نین.
ئومێد سەباح گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ماوەی چەند ڕۆژێکە ھەندێ سایت و میدیای سەر بە دەسەڵاتدارانی بەغدا لە درێژەی چەواشەکارییەکانیان لەدژی ھەرێمی کوردستان ھەواڵێکی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئێرانی کردووە و بەرپرسانی ئێرانی ناڕەزایەتیان بەرانبەر سیاسەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی چارەنووس و چوونی پێشمەرگە بۆ کەرکوک دەربڕیوە و چەند میدیاییەکی ناوخۆی کوردستانیش ئەم ھەواڵە ناڕاستەیان لەوانەوە گواستووەتەوە."
سەباح دەڵێ: "ھەروەھا بە گشت لایەک ڕایدەگەیەنینکە سەرتاپای ئەم ھەواڵە دروستکراوە و دوورە لە ڕاستی و بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بە ھیچ شێوەیەک سەردانی ئێرانی نەکردووە و سیاسەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانیش لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی چارەنووسی گەلی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە کە گەلی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی مۆڵەت لەکەس وەرناگرێت."
ھەروەھا دەلێ: " ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە یارمەتیی خوشک و برایانی شیعە و سووننە بدات بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربگرێت و لە ھەمانکاتیشدا کار بۆ ڕێوشوێنە سیاسی و یاساییەکانی پیادەکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی کوردستان دەکات."