Saad Hawrami
04 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2016
هەولێر
لە وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە بەشداری پەكەكە لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی گوتی: "مووسڵ شارێكی گرنگی عێراقە و پەكەكەش هێزێكی دەرەكییە و لە رابردووشدا لەوانەیە لە هەندێك شوێن هاوكارییان كردبێت و ئەو هەوڵانەیان جێگەی پێزانینە بەڵام مووسڵ جیاوازە و پەكەكەش بەشدار نابێت لەو پرۆسەیەدا".
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی لە بارەى پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەران
دەڵێت: "پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەراندا پەیوەندی بەزیادبوونی داهاتەوە نییە، چونكە ٢٦ رۆژ هەناردەكردنی نەوت راگیرابوو و ئەو پارەیەش كە دێت هی فرۆشی نەوتی پێشووترە".
سەفین دزەیی هەروەها گوتی: "ئەگەر داهات زیاد بێت ئەوە بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی ئەولەوییەت بە وەزارەتی پێشمەرگە دەدرێت و هەوڵ دەدرێت بەبێ دواكەوتنی زیاتر مووچەكان دابەش بكرێت".
لە وەڵامی پرسیاری راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە سەفین دزەیی گوتی: "بەشێوەیەكی تێروتەسەلی لەگەڵ حكوومەتی عێراق باسمان نەكردووە و حكوومەتی عێراقیش كۆمەڵێك موبەڕیڕیان بۆ ئەوكارە هەیە بەڵام لە راستیدا ئەوەی باسی دەكەن بنەمای نییە چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بووە بەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ حكوومەتی عێراق كردوویەتی و وەزیری نەوتی عێراقیش ئاماژەی بەوە داوە كە تا مانگی ٩ـی ساڵی رابردوو حكوومەتی هەرێم نەوتی رادەستی بەغدا كردووە بەڵام حكوومەتی عێراق تا مانگی ٤ ساڵی ٢٠١٥ بوودجەی داوە، واتە هەرێم چەند مانگێك زیاتر لەوەی كە پێویست بووە ئیلتیزاماتی خۆی جێبەجێ كردووە".