Muhammet Tosun
04 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2016
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی ئاسایی دەستەی گشتیی مانگی سووری تورکیدا گوتارێکی پیشکەش کرد.
- ''لە هەر هەنگاوێکم لە سەردانەكەمدا، هەوڵی تەواویان دا بۆ ئەوەی سەر نەکەوم''
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان: "لە هەر چاوپێکەوتنێکم لە ئەمریکا، لە هەر هەنگاوێکم لە سەردانەكەمدا، هەوڵی تەواویان دا بۆ ئەوەی سەر نەکەوم. لەناو ئەمانەدا، رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز و چەتەی ئەرمەنی و چەتەکانی پێکهاتەی هاوتەریب، پێکەوە خۆپیشاندانیان دەکرد، دواتر دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردەوە کە جەڵتەی دڵ لێی داوم. من بەپێوەم. دەڵێن جەڵتەی دڵ لێی داوە. نازانم لە شوێنێکی تر کەسانی وا هەن بەو رق و کینەیەوە دژ بە میللەتەکی خۆیان کاربکەن؟ ناوبەناو دەمەوێت لەو نەخۆشانە تێبگەم بەڵام هیچ دەستەواژەیەکم نییە تاکو پێیان بڵێم. ئەمانە ئەگەر هەر ٧٩ ملیۆن دانیشتووەکەی تورکیا پێکەوە بخنکێن ئەوا دەیکەنە جەژن''.
- ''لە بەرنگاربوونەوەی تیرۆر تا ئەوکاتەی دوایین هەڕەشە لەناو دەبرێت، بەردەوام دەبین''
ئەردۆغان رایگەیاند: "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تا ئەوکاتەی ئەو چەکانە بێدەنگ دەکرێن کە لوولەکانیان لە نیشتمان و گەلەکەمان کراوە، تا ئەوکاتەی دوایین تیرۆریست لەناو دەبرێت، تا ئەوکاتەی دوایین هەڕەشە لەناو دەبرێت، بەردەوام دەبین".
- ''لەبەرنگاربوونەوەی تیرۆردا دەوڵەت و گەلیش لەگەڵمانن''
سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: "لێرەوە رووی دەمم دەکەمە گشت هێزی تەناهی. دەوڵەتەکەمان تا دواسات پاڵپشتیتان دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان. هاوکات میللەتەکەم و خۆشم بەرامبەر ئەوانە دەوەستینەوە کە هەڕەشە و رەخنە لە پای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا ئاڕاستەی هێزی تەناهی دەکەن".
دواتر ئەردۆغان رایگەیاند: "ئەوانەی هەندێک هەڵەی رابردوو درێژ دەکەنەوە بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیەی ئێستا، نیازیان باش نییە. ئەمانە سوود بە رێکخراوی تیرۆریستی دەگەیەنن. هەر کارمەندێکی ئەمنی کە لە چوارچێوەی سنووری رەوشت و ویژدانەوە، بەردەوامی دەدات بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، وەک برام و نەوەی خۆم وایە، پارچەیەکە لە گیانم. دەبێت ئەوە بزانن".
- ''بابەتێک نییە کە دانوستان یان کۆبوونەوەی لەبارەوە بکرێت''
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند: ''بەرپرسانی رێکخراوی تیرۆریستی ئەوانەی بە هاندانی ئەوان کار دەکەن، جار جار باسی دانوستان، کۆبوونەوە و چارەسەر دەکەن. بابەتێک نییە کە دانوستان یان کۆبوونەوەی لەبارەوە بکرێت، پێویستە ئەمە بەم شێوەیە بزانرێت''.