Hawkar Yaseen
16 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2020
هەولێر - AA
پێشنیازەیاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی خێرا و جیاوازی لەنێو کۆمەڵگا لێ کەوتەوە و هەڵمەتێکی فراوانی میدیایی بەتایبەت لە سۆشیال میدیا لە دژی دەستی پێ کردووە.
پێشنیازە یاساکە بە واژووی 53 پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراو و رۆژی 27 و 28ی تەمووز لە دانیشتنی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، بەڵام لەژێر کاریگەری سۆشیال میدیا و ئەو ناڕەزایەتییانەی لەسەری دروستبوو بەشێک لەو پەرلەمانتارانە واژووکانیان کشاندەوە.
سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگای مەدەنیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەلما فاتیح دەربارەی هۆکارەکانی ئامادەکردنی پیشنیازە یاساکەیان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەو کاتەی بووم بە سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان، دەچوومە هەر جێگەیەک گلەیی ئەوە لەسەر من هەبوو وەک شەخسی خۆم کە پێشتر رۆژنامەنووس بووم و بەشێوازێکی گشتیش لەسەر لیژنەکەمان ئینجا پەرلەمانیش کە بۆشایی یاسایی لە بواری میدیادا زۆرە، ئەگەر بوارەکانی دیکە سەیربکەیت لە چاو میدیادا بەو کاریگەرییە گەورە و فراوانەی خۆیەوە کەمترین یاسا دەتوانێت کاری تێدابکات، بۆیە ئەو رۆژنامەنووسانەی لە بواری میدیای ئەلیکترۆنیدا کاردەکەن زۆرجار و بەبەردەوامی رووبەرووی ئەو کەیسانە دەبوونەوە لە دادگاکان بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای ژمارە 6ی 2008ی یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل سزا دەدران کە هەردوو ئەم یاسایە سجنکردنی رۆژنامەنووسی تێدایە، ئێمە دەمانەوێت رۆژنامەنووسان لەکاتێکدا ئەگەر هەڵەیەک روویدا بە یاسای ژمارە ٣٥ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت کە تەنها سزادانی ماددییە وە ئاسانترمان کردووەتەوە".
سەلما فاتیح دەربارەی هەڵمەتی میدیایی دژبە پێشنیازە یاساکەیان گوتی: "بۆ من دوو لایەنەیە، لەلایەکەوە خۆشحاڵم کە خەڵک هۆشیاری هەیە لەوەی کە پەرلەمان پرۆژە دەردەکات و کاری هەیە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەداخەوە کە خەڵک چەواشە دەکرێن و بەلارێدا دەبرێن، نیگەرانییەکەی من لەو کەسانەیە کە خۆیان رۆژنامەنووسن و واژووی کردووە و نووسیویەتی نا بۆ پرۆژە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی و کەمپەینی راگەیاندووە دواتر دێت نامەی بۆ ناردووم دەڵێت پرۆژەکەت لەلایە بۆم بنێریت بیخوێنمەوە، کاتێک تۆ هیچت نەبینیبێت چۆن دوای ئەو هەرایە دەکەویت لەکاتێکدا کەسانێکن هەیانە یاساین هەیانە مامۆستای زانکۆن و کەسی ئەکادیمین".
سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگای مەدەنیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەلما فاتیح گوتیشی: "ئەو هەڵڵا میدیاییە دەستێکی لە پشتە، ئەو دەستەیە شەقامی پێ ناجوڵێندرێت، فەشەلی هێناوە لە خۆپیشاندانەکان و خەڵک دوای ناکەوێت، خەڵک باوەڕی بە ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی هەبوو، بەڵام ئێستا ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنی ئەزموونێکی فاشیلە لە کوردستان لەبەرئەوە دوای ئەو قسانە ناکەون، لایان وابوو خۆپیشاندانی ملیۆنی رێکدەخەن و حکوومەت و پەرلەمان دەڕوخێت بۆیە دەبێت شتێک بدۆزنەوە، بەلای منەوە ئاساییە هەندێک جار هەقیان دەدەمێ خۆ دەبێت بابەتێک هەبێت قسەی لەسەر بکەن و شەقامی پێ تازە بکەنەوە بۆخۆیان"
سەلما فاتیح راشیگەیاند "من خۆشحاڵم بەوەی پرۆژەیەک لە پەرلەمانی کوردستان من یەکەم واژووم هەرایەکی گەورەی لەسەرە، چونکە دڵنیایین هەراکە بە سوودی رۆژنامەنووسان دەشکێتەوە، ئەوەی دەڵێت نا بۆ یاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی کەواتە ئەو کەسە پێی وایە بەڵی بۆ یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل و بەڵی بۆ یاسای سازادانی عێراقی، پیشنیازەیاسای میدیای ئەلیکترۆنی دەڵێت نابێت رۆژنامەنووس سجن بکرێت کە تۆ دژی ئەمەیت کەواتە تۆ لەگەڵ ئەوەی رۆژنامەنووس سجن بکرێت".
دەربارەی ئەو رەخنەیەی کە لە پێشنیازە یاساکە دەگیرێت و دەڵێن پرۆژەکە وادەکات رۆژنامەنووسان بەیاسای تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، سەلما فاتیح رایگەیاند "یاسای تیرۆر هەرخۆی هەیە، من نازانم ئەو کەسانە لە کوێوە بیریان کەوتووەتەوە یاسایەک لە 2006 دەرچووە ئێستا بیریان کەوتووەتەوە قسەی لەسەر دەکەن و دەڵێن دژی رۆژنامەنووسانە، ئەمە یەکەم جارە لەڕێی ئاژانسی ئانادۆڵو ئەمە دەڵێم ئێمە لەگەڵ برادەران لە لیژنەی رۆشنبیری قسەمان کردووە ماددەی 12 کە باسی تیرۆر دەکات لە پێشنیازە یاساکە هەر لادەبەین، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ئەم یاسایە نییە، ئەم یاسایە خۆی هەر هەیە و کاریشی پێ دەکرێت".
سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگای مەدەنیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەلما فاتیح دەربارەی هۆکاری جێکردنەوەی ئەو ماددەیە لە پرۆژەکەیاندا گوتی: "ئێمە داعش زۆر نزیکە لێمانەوە، لەڕێگای سایت و پەیج و ئەکاونتەکانەوە زۆرینەی کۆنتاکتەکانی دەکات لەدنیادا، بۆ نموونە داعش لەڕێگای پەیجێکی ئەلیکترۆنی یان ئەکاونتێکی کەسی یان کۆمێنتێک بڵاوی دەکاتەوە کە ئەمڕۆ فڵانە بارەگا و بینا دەتەقێنینەوە، کردەوە تیرۆرستیەکە سەرناگرێت، بەڵام کابرا کە پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە دەگیرێت ئێ لەو کاتەدا بە چ ماددەیەک سزا بدرێت؟ بەو ماددەیە سزا دەدرێت کە لە یاسای تیرۆر هەیە، ئێمەش تەنها وەک ئاماژەیەکی بچووک باسمان کردووە، بەڵام دیارە بەرژەوەندی کەسانێک لەوەیە ئەمە بەکاربهێنێت، کۆمێنتی داواکردنی مووچە و خۆپیشاندان و داواکردنی ماف کوا کاری تیرۆریستییە تاوەکو ئەم یاسایە بیگرێتەوە".
سەلما فاتیح گوتیشی "تاکە یاسایەک کە بە نەص باسی میدیای ئەلیکترۆنی بکات ئەو بڕگەیەیە لە یاسای تیرۆر، هیچ یاسایەکی دیکە بەو جۆرە بە نەص باسی نەکردووە".
سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگای مەدەنیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەلما فاتیح راشیگەیاند "ئەوەی ئێمە کردووەمانە جیاکردنەوەی رۆژنامەنووسێکە لە تیرۆریستێک، هەموو ئەو بەڕێزانەی واژوویان کردووە و ئەو بەڕێزانەش کە پێشنیازە یاساکەیان ئامادەکردووە شانازییەکیان بۆ دەمێنێتەوە کە رێگری دەکەن لە گرتنی رۆژنامەنووس، ئێمە دەمانەوێت مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان بخەینە ژێر سەقفی یاسای 35 کە سجن و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسی تێدا نییە، ئێستا دادگاکان لەسەر کۆمێنتێک یان پۆستێکی ئەلیکترۆنی پشت بە یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل دەبەستن کە سجنی تێدایە واتە یاساکەی ئێستا سجنی تێدایە ئێمە دەمانەوێت ئەوە نەهێڵین".
سەلما فاتیح دەربارەی گۆڕانکارییەکان کە لە پێشنیازە یاساکەدا دەکرێت گوتی: "من یەکەم کەسم کە واژووم لەسەر پرۆژەکە هەیە لێشی پەشیمان نیم لەبەر ئەوەی نییەتی من و پرۆژەکە ئەوەیە کە باسم کرد، دەکرێت کەموکوڕی تیابێت دەکرێت بڕگەیەکی باش نەبێت، بەڵام ئەمانە چاک دەکرێت، راوێژکارانی پەرلەمان سەرقاڵی ئەوەن داڕشتنەوەی یاسایی بۆ بکەن جگە لەوە وۆرکشۆپ دەکەین رای رۆژنامەنووسان وەردەگرین کۆرۆنا دوای خستین ئەگینا هەموو ئەمانەمان دەکرد و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەیکەین".
ژمارەیەک لەو پەرلەمانتارانەی واژوویان لەسەر پێشنیازە یاساکە هەبوو دوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەکان واژووکانیان کشاندەوە، دەربارەی ئەمە سەلما فاتیح گوتی: "کشاندنەوەی واژووکان من وەک ئەو نوکتەیە باسی دەکەم کە لە سۆشیال میدیا زۆر باسی دەکرێت، ئەو برادەرانە وایان زانیوە رادیۆ و شت و ئەو بابەتانەیە، ئەو پرۆژەیە بوو بە پرۆژەی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، ئەگەر کەسێک پەرلەمانتار بێت دەبێت ئەوەندە ئاستی رۆشنبیری لە یاسا و پەرلەماندا هەبێت کە پرۆژەیاسایەکی پێشکەش کرد دەبێت جوان بیخوێنێتەوە، هەندێکیان دەڵێن واژووی من نییە هەندێکیان دەڵێن دەیکشێنینەوە هەندێکیشیان دەڵێن ئاگاداری ناوەڕۆکەکەی نەبووم، تۆ کە ئەوەندەت پەلەبێت بەس بۆ ئەوەی واژووت لەسەر پرۆژەیەک هەبێت و ناوەرڕۆکەکەی نەزانیت چییە بێگومان دەکەویتە دۆخی ناخۆشیشەوە، کشانەوەی واژوو لەڕووی قانونییەوە لە هیچ بڕگە و ماددەیەکی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا ئاماژەی پێ نەدراوە و پرۆژە کاتێک خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت دەبێتە پرۆژەی پەرلەمان و موڵکی پەرلەمان ئەگەر هەموو واژووکانیش بکشێندرێتەوە هیچ کاریگەرییەکی نابێت و شەرعیەتی نابێت".
سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگای مەدەنیی لە پەرلەمانی کوردستان، سەلما فاتیح راشیگەیاند "منیش پێمباشە پیشنیازە یاساکە کاتی زیاتری هەبێت بێگومان کاتی زیاتریشی دەبێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کاتی خوێندنەوەی راپۆرتی دووەم دەبێت 21 رۆژ دوای خوێندنەوەی یەکەم بێت، بەڵام ئێمە هەر لەسەرەتاوە رێپێدانی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان وەرگرتووە کە لە شەش مانگ تاوەکو ساڵێک کاتمان هەیە پرۆژەکە تێر و تەسەل بکەین ئەو کات خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت".