بابل
لە شاری بابل ناوەڕاستی عێراق، هێزەكانی ئەمنی دەستیان وەردایە ئەو خۆپیشاندانەی لە بەردەم بینای پارێزگاكەدا بۆ ئیدانە كردنی گەندەڵی رێكخرابوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەكانی نێوخۆییەوە دەست ئانادۆڵو كەوتووە، گرووپێك لە هاووڵاتییانی شاری بابل، بەمەبەستی ئیدانە كردنی گەندەڵی لەبەردەم بینای پارێزگاكەدا گردبوونەتەوە و نیگەرانیان بەرامبەر دۆخەكە دەربڕیوە.
خۆپیشاندەران، داوای دەست لەكاركێشانەوەی پارێزگاری بابل سادق مەدلولیان كردووە، بەو هۆیەشەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانانی بیناكەدا دروست بووە. پاش ئەو رووداوە پۆلیس دەستی لە خۆپیشاندانەكە وەرداوە.
لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، پارێزگاری بابل سادق مەدلول رایگەیاند "هەموو رۆژێكی هەینی خۆپیشاندانی رێگە پێدراو ئەنجام دەدرێت. ئەو خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ رێكخراوە بێ مۆڵەتە. بەهۆی هێرش كردنە سەر پاسەوانانی بیناكە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، خۆپیشاندانە ئاشتیانەكە گۆڕاوە بۆ خۆپیشاندانێكی توندوتیژ. لەبەرئەوە پێویست بوو هێزەكانی ئەمنی دەست وەربدەن".
لە مانگی تەمووزی ئەمساڵەوە تا ئیستا، لە بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دژ بە گەندەڵی چالاكی ئەنجام دەدرێت، هاوكات بۆ باشتر كردنی هەلومەرجی ژیان، پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری زیاتر و دەستەبەركردنی هەلی كار، خۆپیشاندان رێكدەخرێت.
لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چاكسازیدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، لە 16 ئابی رابردوودا، زنجیرەیەك بڕیاری دەركرد و فەرمانی دا بە دەستبەجێ كردنەوەی دۆسیە لەسەر ئەو گەندەڵیانەی لە رابردوودا كراون و لە ئیستادا هەن. بۆ لێكۆلینەوە ئەو دۆسیانەش داوای پێكهینانی كۆمیتەیەكی كرد لە دادوەرانی پسپۆر. هاوكات بڕیاریدا بە برینی بوودجەی ئیستسنائی تەواوی دامەزراوەكانی دەوڵەت و سەرۆكایەتیەكان.
بەڵام هەندێ لایەنی سیاسیی، رەخنە لە عەبادی دەگرن بەوەی چاكسازیەكانی نەخستۆتە بواری جێبەجی كردنەوە.