Zana Natık Kerem
30 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2018
بەغدا ــ AA
وەزارەتی نوێی پەروەردەی عێراق، شەیما حەیالی بە هۆی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن برا گەورەکەی پەیوەندی بە ریزەکانی داعشدا کردووە رایگەیاند "بە نووسراوێک نامەی دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش بە سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی کردووە".
ئەم دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری پەروەردە، شەیما حەیالی دوای ئەوە دێت کە ماوەی چوار رۆژ بوو، متمانەی بۆ دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پێ بەخشراوە.
لە روونکردنەوەکەدا، شەیما حەیالی ئاماژەی بەوەداوە "رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەژێر ھەڕەشە و گوڕەشە، دانیشتوانی مووسڵی ناچارکردبوو لە فەرمانگە مەدەنییەکان کە تایبەت بە خۆی لە شارەکە دایمەزراندبوو، کار بکەن، براکەمیش یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە پێش و دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ لە فەرمانگەکانی داعشدا کاری کردبوو".
لە بەشێکی روونکردنەوەکەدا، وەزیری پەروەردەی عێراق، شەیما حەیالی باسی لەوەشکردووە "داعش، براکەم لەگەڵ ژمارەیەک زۆر کەسی دیکە ناچارکردبوو بە جۆرێک لێدوان بدەن کە لەگەڵ ھێزە پووچەڵ و ناڕەواکانیدا بگونجێت، بەڵام براکەم چەکی بۆ داعش ھەڵنگرتووە، ھەروەھا لە کوشتنی ھیچ عێراقییەک یارمەتی داعشی نەداوە".
شەیما حەیالی ئەوەشی خستووەتەڕوو "ژمارەیەک توندڕەو چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە براکەم پەیوەندی بە ریزەکانی داعشەوە ھەبووە".
وەزیری پەروەردە ئاماژە بەوەشدەکات، براکەم وەک دەیان ھەزار کەسی دیکە ناچاربوو کە لەژێر ھەڕەشەکانی داعش لە مووسڵ بمێنێتەوە و درێژە بە ئەرکەکەی بدات، ناکرێت ئەم ملکەچییە کە بە ئیرادەی خۆی نەبووە، سزا بدرێت.
وەزیری پەروەردەی عێراق، شەیما حەیالی گوتوویەتی: "بە ھەموو لایەک رایدەگەیەنم کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش بە سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی دەکەم لە بەردەم خوا و گەلدا خۆم بێ بەری دەکەم لەو تیرۆریست و تاوانبارانە کە دەستیان لە رشتنی خوێنی عێراقییەکاندا، ھەبووە".
پێشتر لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، دەنگۆی ئەو بڵاوبوویەوە کە لەیس حەیالی برا گەورەی وەزیری نوێی پەروەردەی عێراق، شەیما حەیالی پەیوەندی بە ریزەکانی رێکخراوی داعشەوە کردووە لەو کاتەی شاری مووسڵ لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٧ لەژێر کۆنتڕۆڵی رێکخراوەکەدا بوو.