بەغدا
جێگری سەرکۆمار بۆ كاروباری ئاشتەوایی و سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق ئەیاد عەلاوی دوایین زانیاری لەبارەی پڕۆسەی ئاشتەوایی لە وڵات ئاشكرا دەكات و دەڵێت، هێشتا پڕۆسەكە لە بەردەم گرژی و ئاڵۆزیدایە و پێشی وایە، "پێكهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتمانی بۆ پاراستنی باری ئاسایش و وەردەنانی چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی عێراق پێویستە".
لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو جێگری سەركۆمار بۆ كاروباری ئاشتەوایی ئەیاد عەلاوی دوایین زانیاری لەبارەی پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی ئاشكرا كرد و رایگەیاند، هێشتا هەندێ رێوشوێن هەن كە زۆر كاریگەریی خرپیان كردووەتە سەر رێرەوەی پڕۆسەی ئاشتەوایی، بێ ئەوەی روونكردنەوەی زیاتر لەوبارەیەوە بدات.
عەلاوی ئاماژە بەوە دەكات كە لە چەند رۆژی رابردوو، پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی دووچاری نسكۆیەكی گەورە هاتووە و هۆكارەكەشی بۆ هەڵوەشانەوەی یاساكانی قەدەغەكردنی حزبی بەعسی پێشوو گەڕاندەوە و گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوو بە هۆی ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران یاساکەی هەڵوەشانەوە و قەدەغەكردنی چالاكییەكانی حزبی بەعسی پێشووی پەسەندكرد، پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی تووشی نسكۆی گەورە هاتووە".
عەلاوی كە لە هەمان كاتدا سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراقە روونیشی كردەوە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوە كە لایەنەكان لە بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتمانی جدی نیین.
سەبارەت بە كۆنتڕۆڵكردنی زەوییەكانی عێراق لە لایەن چەكدارانی داعشەوە ئەیاد عەلاوی رایگەیاند، پێنج لە یەكە زەوییەكانی خاكی عێراق، چەكدارانی داعش كۆنتڕۆڵیان كردووە.
لەبارەی یاسای پاسەوانی نیشتمانی كە لە لایەن سەرۆكوەزیران پەسەندكراوە، جێگری سەرۆك كۆمار جەختی لەوە كردەوە کە پێكهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتمانی پێویست و گرنگە بۆ ئەوەی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە كە لە هەندێ ناوچەكان بەم دوایانە روویدا دووبارە نەبێتەوە و راشیگەیاند، دەبێت هێزی پاسەوانی نیشتمانی بەشێك بێت لە هێزەكانی عێراق.
ئەیاد عەلاوی گوتیشی: "كاتێک سوپا بوونی نابێت، گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەكان روودەدات و پێویستە هێزێكی نیشتمانی دیكە كە ئەركی پاراستنی ئاسایش بێت بوونی هەبێت و چارەسەری ئەم پرسە بکات".
جێگری سەركۆمار زیاتر روونی كردەوە، لە یاسایی پاسەوانی نیشتمانی دا پێویستە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی حەشدی شەعبی روون و ئاشكرا بێت و ئەركی سوپا و پۆلیسش دیاریكراو بێت بۆ ئەوەی دەست لە دەسەڵاتی نێوان دامەزراوەکانی ئاسایش وەرنەدرێت.
سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق رای وابوو، چارەسەری نموونە پێویستە لەسەر بنەمای نیشتمانی بێت و پێكهێنانی هێزی پاسەوانی نیشتمانی دەبێت سەرجەم نەتەوە و تایفەكانی دیكە لە خۆ بگرێت و بوونی ناوی جیاواز لە سیستەمی سەربازیی كۆمەڵگەی عێراق وەك پاسەوانی نیشتمانی و حەشدی شەعبی و ملیشیا، لە بەرژەوەندی و یەكگرتوویی و پاراستنی عێراق نییە.
لە كۆتایی قسەكانیشدا ئەیاد عەلاوی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق گوتی: "هاوپەیمانی نیشتمانی هیچ كاتێك نەیویستە ببێتە بەشێك لە ململانێی سوننە و شیعە".