Zana Natık Kerem
20 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز لەبارەی سووتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند کە سووتاندنی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا، جێگەی داخە و ئەوەی روویداوە، تاوانە.
فالح فەیاز لە میانی دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی نیمچەفەرمی عێراقییە گوتی: "بە بەرزکردنەوەی ئاڵای حەشدی شەعبی لەسەر بارەگای پارتی لە بەغدا ھەستمان بەشەرمەزاری کرد".
ئاشکراشیکرد کە ھێزە ئەمنییەکان، ١٥ بۆ ١٨ کەسیان بەتۆمەتی سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا، دەستگیرکردووە.
فالح فەیاز ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ھۆشیار زێباری کاتێک وەزیری دارایی بوو، ھەموو ئاسانکارییەکی دارایی پێشکەش بە حەشدی شەعبی کردووە.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و حەشدی شەعبی، ئەوا فالح فەیاز رایگەیاندووە، مستەفا کازمی کە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە بە سەرۆکوەزیران، دژایەتیی لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە و گوتی: "ھیچ دژایەتییەک لە نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەستەی حەشدی شەعبییدا نییە".
سەبارەت بەو مووشەکانەی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە سنووری پارێزگای نەینەوا ئاراستەی ھەولێر کرابوون، ئەوا سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز رایگەیاندوو لەو ناوچەیەی کە مووشەکەکانی لێوەی ئاراستەی ھەولێر کرابوون، ھێزی جیاوازی ئەمنیی و سەربازی تیایدا بوونی ھەیە و بۆیە ناتواندرێت ھیچ لایەنێک بەبێ بەڵگەی سەلمێندراو لەسەر ئەو رووداوە تۆمەتبار بکرێت.
سەرۆکی دەستەی ەشدی شەعبی دەربارەی کوژرانی ١٢ ھاووڵاتی نیشتەجێی ناحیەی فەرحاتییە سەربە قەزای بەلەد باشووری پارێزگای سەڵاحەددین، گوتی:"ئەوەی لە کوژرانی ژمارەیەک ھاووڵاتیی نیشتەجێی فەرحاتییە روویداوە، تاوانە و کەسانێک لە دەرەوەی یاسا ئەنجامیان داوە، ھەموو رێوشوێنێک دەگرینەبەر بۆ ئەوەی تاوانبارانی ئەو رووداوە دەستگیر بکەین".
گوتیشی:"فەرماندەی لیوای ٤٢ سەربە حەشدی شەعبی ئامادەیی نیشانداوە یارمەتی پێشکەش بکات بە ئامانجی ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی تاوانبارانی ئەو رووداوەی ناحیەی فەرحاتییە".
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز راشیگەیاندووە:"ئەگەر داوا بکرێت ئەو ھێزانەی حەشدی شەعبی کە لە ناحیەی فەرحاتییە جێگیرکراون جێگۆڕ بکرێن، ئەوا ئەو کارە ئەنجام دەدەین".
فالح فەیاز ئاماژەی بەوەیشدا کە حەشدی شەعبی زیاتر پەیوەستدارە بە ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی فەرحاتییە و گوتی: "پلانی ئەوەمان ھەیە، تا بوونی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق، بەھێز بکەین".
رۆژی شەممەی رابردوو، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزاییەتی لەھەمبەر لێدوانێکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھۆشیار زێباری لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوەڕاستی بەغدا خۆپیشاندانیان ساز کرد.
لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستانیان سووتاند.