Sarmand Hameed
02 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
جێگرى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانى پێشوازیی لە شاندێکی باڵاى ئەمریکا بەسەرۆکایەتى جێگرى سەرۆکى نوێنەرایەتی ئەمریكا لە عێراق، گریگۆری لۆگێرفۆ و کۆنسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێم کرد و پێکەوە تاوتوێى دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی و پرسی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و هەنگاوەکانى چاکسازى حکوومەتى هەرێمیان کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی جێگرى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانى تێڕوانینەکانی لەبارەى پرۆسەى هەڵبژاردنەکان لە عێراق باسکرد و ئاماژەى بەوەدا کە سیستمەکەى ئەمجارە زۆر جیاواز بوو، لەبەر رۆشنایى ئەنجامەکانیش باس لە پێشهاتە سیاسییەکان کرا.
هەردوولا جەختیان لە پێویستى دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دیالۆگێکى جددیى نێوان لایەنەکان کردەوە.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەبارەى پرۆسەى بایۆمەترى و هەنگاوەکانى چاکسازیى حکوومەتى هەرێم، لەمڕۆوە قوباد تاڵەبانى ئاماژەى بە قۆناغ و هەنگاوەکاندا و بە چەندین نموونە سەرکەوتنی پرۆسەکەى سەلماند بەئامانجی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و باشتر رایکردنى کاروبارەکان و کەمکردنەوەى رۆتین لەدامودەزگاکاندا و جەختى لەوەکردەوە کە لەکارکردن تێیدا بەردەوام دەبن.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە پەیوەندی هاریکاریی و دۆستانەى نێوان هەردوولا تەوەرێکی دیکەیی کۆبونەوەکە بووە و لەمبارەیەوە شاندەکەی ئەمریکا بەردەوامى پشتیوانى وڵاتەکەیان بۆ سەرخستنى هەنگاوەکانى چاکسازیى دووپاتکردووەتەوە.