Rewa Mahmood Hasan
25 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی-AA
جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی دەڵێت "پیاو بە، توندوتیژی بەرامبەر ژنان راگرە".
بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان کە رێککەوتە لەگەڵ ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک، چەندین چالاکی لەلایەن رێکخراوە حکوومی و تایبەتەکانەوە رێکخرا، هاوکات چەندین کەسایەتی سیاسی و حکوومی بەشداربوون لە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی دژبە ئافرەتان.
بەو بۆنەیەوە جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە هەژمارەکانی تایبەت بە خۆی لە تویتەر و فەیسبووک وێنەیەکی خۆی بڵاوکردووەتەوە بە تیشێرتێکەوە کە بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و کوردی لەسەری نووسراوە،''Be a man STOP violence against WOMEN، پیاو بە، توندوتیژی بەرامبەر ژنان راگرە''.
ئەم پۆستەی قوباد تاڵەبانی دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەچەشنێک زۆرێک لە ئافرەتان تەنانەت رەگەزی بەرامبەریش ئەم وێنەیەی تاڵەبانی-یان بڵاوکردۆتەوە و بەهەمان شێوە داوا دەکەن کە توندوتیژی دژبە ئافرەتان رابگیرێت.
قوباد تاڵەبانی کە کوڕی سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی کۆچکردووی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە بەردەوام لەسەر پرسە گرنگەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستی هاوشێوە دەکات و دەنگدانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.