Sarmand Hameed
01 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد، بەهۆی لافاوەکەی رۆژی شەممەی رابردوو کە لە بەشێکی شاری هەولێر روویدا، ناوماڵ کەلوپەلی ٥٠٠ خێزان بەتەواوەتی لەناوچوون و ١٣٠ ئۆتۆمبێل لە کارکەوتوون.
نووسینگەى پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانى ئەو لافاوەى کە بەهۆی بارینى شەپۆلێکی بارانى بەخوڕ له بەشێکى شارى هەولێر روویدا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوا خراوەتەڕوو کە لەسەر فەرمان و راسپاردەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، مەسرور بارزانى لە پارێزگاى هەولێر لێژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتى رووبەڕووبوونەوەى قەیرانەکانى پارێزگا، بەرگریى شارستانى، دەزگاى خێرخوازى بارزانى و لقى هەولێرى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقی پێکهێنرا بۆ زانین و دەرخستنى رێژەى ئەو زیانانەى کە بەهۆى لافاوەکەوە بەر هاووڵاتییان کەوتووە.
لە راگەیەندراوەکەدا دەرەنجامی کارەکانی لیژنەکە و زەرەر و زیانەکانی لافاوەکە ئاشکرا کراوە کە بریتییە لە؛ ٥٠٠ خێزان ناوماڵ و کەلوپەلەکانیان بەتەواوتی لهناوچوون، ١٣٠ ئۆتۆمبێل بەر لافاو کەوتوون و لەکار کەوتوون، ١٢٧ خانوو زیانیان بەرکەوتووە، دوو قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکى دروستکردنى شەقام و تۆڕکانى کارەبا و ئاو و ئاوەڕۆکان زیانیانى زۆریان بەرکەوتووە.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لافاوەکە هیچ زیانێکى گیانى نەبووە.
رۆژی شەممەی رابردوو بەهۆی بارینی بارانێکی بەخور، لافاو لە چەند شوێنێکی شاری هەولێر لافاو روویدا و بەهۆیەوە چەند گەڕەکێکی شارەکە ژێر ئاو کەوت.