Rewa Mahmut Hasan
22 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2016
سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، بەڵام تائێستا هیچ دەرکەوتەیەک بەئاراستەی باشبوونی رەوشی ئابووری رووسیا دەرنەکەوتووە.
سایتی تایبەت بە پسپۆرانی ئابووری باڵای زانکۆ لە رووسیا، راپۆرتێکیان لەسەر دوایین رەوشی ئابووری وڵاتەکەیان بڵاو کردۆتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن کە بەپێچەوانەی چاوەڕوانیەکان، دۆخی ئابووری لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا، هیچ باش بوونێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، بگرە بەرەو خراپتر رۆیشتووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بوودجەی هەرێمایەتی لە رووسیا یەکێکە لە گەورەترین کێشەکان و ئەوەیش رێگەی لە بەردەم وەبەرهێنان داخستووە".
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرەچاوکردنی زانیاریەکانی دوو مانگی رابردوو، ناسەقامگیر بوونی دۆخی ئابووری و دابەزین لە قەبارەی بەرهەم و هەڵاوسانی سەر بەرهەمە خۆراکیەکان کاریگەری کردۆتە سەر بەشە هەژارەکەی ئەو وڵاتە و دۆخی خراپیان بەردەوامی هەیە.
ئابووری رووسیا لە چاو مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بەرێژەی لەسەدا ٢،٥ بچووک بوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە لەمساڵدا نرخی نەوت بەخێرایی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بەڵام هێشتا مەترسی دابەزینی نرخەی نەوت لە ئارادایە.
مانگی ئایاری رابردوو سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاندبوو کە ئابووری وڵاتەکەی نزمترین ئاستی تێپەر کردووە.