واشنتۆن
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما لەبارەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك رایدەگەیەنێت، لەئەگەری پابەند نەبوونی ئێران بە رێككەوتنەكەوە ئەوان وەك ئەمریكا وەڵامیان دەبێت و ئەگەر ئێران هەڵیان بخەڵەتێنێ، ئەوا یەخەی دەگرن.
ئۆباما لە لێدوانێكیدا لەبارەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە كە دوای نزیكەی دوو ساڵ لە گفتوگۆ بەئەنجام گەیشت رایگەیاند "ئەو رێككەوتنە هەموو رێگاكانی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی بەڕووی ئێراندا دادەخات".
ئۆباما ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر جەنگی عێراقدا تێپەڕیوە و هێشتا كاریگەرییەكانی بەردەوامە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە ئەو جەنگە هەزاران كەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزاری دیكەش برینداربوون و نزیكەی ترلیۆنێك دۆلاریش تێچووی بووە و سەرەڕای هەموو ئەوانە هێشتا عێراق مەیدانی جەنگی مەزهەبییە و لەناوچەكەدا تەنها ئێران سوودمەندی ئەو جەنگە بووە.
ئۆباما گوتی: "ئەوەی كە فشارەكانی سەر ئێرانی زیادكرد هەڕەشەی جەنگ و لێدوانی توند نەبوو، بەڵكو سیاسەتی هێمنانە و دیپلۆماسییەكی هەستیاربوو".
هەروەها رێككەوتنە كاتییەكەی دوو ساڵی رابردووی وەبیرهێنایەوە كە بە هەڵەیەكی مێژوویی ناودەبرا و رایگەیاند "ئەو رەخنانەی كە گوایە ئێران پابەند نابێت بە رێككەوتنەكەوە هەڵە بوون".
گوتیشی: "لەسایەی ئەو رێككەوتنە كاتییەدا لەماوەی 10 ساڵی دواییدا بۆ یەكەمجار ئێران چالاكییەكانی ئەتۆمیی راگرت و لە زیادكردنی چاودێری دامەزراوەكانی ئەتۆمیدا سەركەوتن بەدەستهێنراوە".
جەختیشی كردەوە كە گەیشتوون بە ئامانج و ئەو رێككەوتنەی ئەنجامیانداوە لەگەڵ ئێران رێگە لەو وڵاتە دەگرێت چەكی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت.
لەبارەی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێرانیشەوە ئۆباما جەختی كردەوە پێویستە تاران هەندێك هەنگاوی گرنگ لەوبارەوە بنێت.
ئۆباما گوتی: "ئەگەر ئێران لەماوەی 10 ساڵی ئایندەدا رێككەوتنەكە پێشێل بكات، ئەوا تەواوی سزاكان سەرلەنوێ دەچنەوە بواری جێبەجێكردنەوە. پێویستمان بە پشتگیری ئەندامانی هەمیشەیی دیكەی ئەنجوومەنی ئاسایش نابێت و ئەمریكا دەتوانێت سزاكانی خۆی بداتەوە بەسەریدا".
لە گوتەكانیدا باراك ئۆباما ئاماژەی بە گرنگی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كرد و گوتی: "ئەم رێككەوتنە لەنێو چارەسەرەكاندا تەنها باشترین بژاردە نییە، بەڵكو بەهێزترین رێككەوتنە بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی. لەبەرئەوە جگە لە ئیسرائیل تەواوی وڵاتانی جیهان پشتگیری خۆیان بە ئاشكرا بۆ نیشانداوە. ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە كۆی دەنگ پەسەندی كرد. زۆرینەی شارەزایانی كۆنتڕۆڵكردنی چەك و چەكی ئەتۆمی پشتگیری رێككەوتنەكەیان كرد. زیاتر لە 100 باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا كە لە سەردەمی دەسەڵاتی دیموكراتەكان و كۆمارییەكانیشدا كاریان كردووە پشتگیرییان كرد".
لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی رێككەوتنەكە دەكرێن و گوایە تیمەكانی لێكۆڵینەوە و چاودێری بێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت ناتوانن بچنە دامەزراوەكانی ئەتۆمی ئێران ئۆباما گوتی: "راستییەكەی ئەوەیە كە لێكۆڵەران و چاودرێران رۆژانە چاودێری كارەكانی دامەزراوەكانی ئەتۆمی دەكەن. كاتێك تیمەكان بیانەوێت شوێنێكی جێی گومان بپشكنن بێ ئاگاداركردنەوە ئەو كارە دەكەن و ئەگەر ئێران رەتی كردەوە پشكنین بۆ ئەو شوێنە بكرێت، ئەوا لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا دەتوانن شوێنەكە بپشكنن.
لەكۆتایی گوتەكانیدا ئۆباما رایگەیاند: "بەكورتی ئەگەر ئێران هەڵمانبخەڵەتێنی دەتوانین یەخەی بگرین و ئەو كارە دەكەین".