واشنتۆن
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری لە بارەی دانووستانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گروپی 1+5 رایگەیاند "لە چوارچێوەی ئەو دانووستانانەدا هیچ جۆرە دەرفەتێك بە ئێران نەدراوە كە بتوانێت چەكی ئەتۆمی دروست بكات".
سیناتۆری كالیفۆرنیا سەر بە لیستی كۆماریخوازان و سەرۆكی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ئەد رۆیسی لە كاتی پێشكەش كردنی گوتاری دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ئەو كۆمیتەیەدا گوتی: "زۆر نیگەرانی پڕۆسەی دانووستانی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی 1+5ین".
رۆیسی لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی تیرۆریستانی داعشی كرد و گوتی: "ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە پێشڕەوی دایە و هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر پێشڕەوییەكانی داعش زۆر نەرم و تراژیكە. هێرشەکانی ئاسمانی بۆ سەر حەشارگەی تیرۆریستان لە سووریا و عێراق بەس نین و بۆ رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستانی داعش كورد چەكی پێویستی لە بەردەست دا نییە و هێشتا دەست بە پڕۆسەی راهێنانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نەكراوە و ئەو چەكانەی كە لە لایەن هاوپەیمانە عەرەبەكانەوە داوا كراون هێشتا پێیان نەدراون".
رۆیسی گوتی: "حكوومەتی ئەمریكا ئەمڕۆ خۆی سەرقاڵی شەڕی دژی داعش لە عێراق كردووە بەڵام هێشتا كەس نازانێت پلانی حكوومەتی ئەمریكا بەرامبەر بە سووریا چییە".
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیریش گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "جارێ ناتوانم وەڵامی ئەو پرسە بدەمەوە كە ئایا پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە دانووستانی دیپلۆماتێك چارەسەر دەبێت یا نا. بۆیە پێویستە پێش وەرگرتنی رێوەشوێنی توند، رێگا دیپلۆماتیكییەكان تاقی بكەینەوە".
كێری لەبەشێكی دیكەی قسەكانی دا وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە كە دەڵێن "هێشتا لە چوارچێوەی دانووستانەكان دا هیچ جۆرە رێككەوتنێك بەدێ نەکراوە" و گوتی: "ئەو رەخنانە راست نین بۆیە ئەو كەسانە كە لە دژی رێككەوتنن، بۆ دژایەتی كردنی رێككەوتنێك كە هێشتا بەدێ نەهاتووە با زۆر هۆشیار بن".
كیری بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانی دا: "دەمەوێ ئەوە بزانن كە لە چوارچێوەی ئەو دانووستانانەدا هیچ جۆرە دەرفەتێك بە ئێران نەدراوە كە بتوانێت چەكی ئەتۆمی دروست بكات، چونكە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بۆ ئێران بە یەكجاری قەدەغە كراوە و ئەمەش بەشێكە لە رێككەوتنی رێگری كردن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی كە ئێرانیش ئیمزای كردووە".
كیری گوتی: "ساڵانی پێشووتر ئێران بووەتە خاوەن تەكنۆلۆژیای گواستنەوە و گۆڕینەوەی سووتەمەنی و لە ساڵی 2003شەوە تا ئەمڕۆ حكوومەتەكانی ئەمریكا بۆ رێگری كردن لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە چەندین رێکاری جیاجیایان بەكار هێناوە و ئەمڕۆ ئێرانییەكان دەزانن كە چۆن سووتەمەنی بگوازنەوە یا بیگۆڕنەوە و بەڵام هەنووکە پرسی سەرەكی گەرەنتی كردنی ئەوەیە كە بۆ رێگری كردن لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی دەبێت چە جۆرە سنوورێك بۆ ئێران دابنین".
لە بارەی چارەسەریی ئەو پرسەوە كیری گوتی: "بۆ چارەسەر كردنی ئەو پرسە هێشتا هەموو بژاردەكان لەسەر مێزن و هەردەم خاوەن بژاردەی سەربازین".