بەغدا
عادل نوری ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەمنزیكانە بەغدا، پارەی هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات، چونكە هیچ رێگایەكی دیكەی لەبەردەم دا نەماوە و بەغدا ناتوانێ بەردەوام بێ، لە خۆدزینەوەی نەناردنی پارە".
ئەو پەرلەمنتارە روونیشكردەوە "كارتەكانی دەست هەولێر لە سەر بەغدا زۆرترن، بەغدا لە شەڕی دژ بەداعش و ئازاد كردنەوەی مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەروەها مانەوەی عێراق بەیەكپارچەیی، پێویستی بە هەولێرە، كورد ئەگەر لە حكوومەتی عێراق بكشێتەوە و متمانە لە حكوومەتەكەی عەبادی بستێنیتەوە، عێراق تووشی قەیرانێكی گەورەی سیاسی دەبێت.
ئەو پەرلەمنتارە كوردە هەروەها گوتی: "لە دوای 2003 ئەمریكا بەردەوام داوای لەكورد كردووە، لەگەڵ بەغدا بمینێتەوە، چونكە واشنتۆن لەوە دڵنیایە بەبێ كورد دەوڵەتی عێراق هەڵدەوشێتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا كورد بەكردەیی فشارەی نەكردووە و لەبەرامبەر ئەمەریكاش بۆ مانەوەی لەعێراق دەسكەوتی سیاسی نەبووە.سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت كەچی رۆژانە حكوومەتی عێراق پارەیەكی زۆری یەدەك لەبانكەكان هەڵدەگرێ و دەتوانی بەسانایی مووچە و بوودجەی هەرێم رەوانە بكات.
ئەو پەرلەمنتارەی سەر بەیەكگرتووی ئیسلامی كە ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراقیشە لە مباریەوە گوتی: "رۆژانە حكوومەتی عێراق زیاتر لە ملیارێك و نیو دینار وەك پارەی یەدەگ لە بانكەكان هەڵدەگرێ و كێشەی نەبوونی پارەی نییە. بەهۆی بوونی بەرژەوەندی لەنێوان هەردوولا، هەولێر و بەغدا ناچاری جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەبن و بوودجەی هەرێم رەوانە دەكرێ و قەیرانی ئابووری هەرێمیش بەمنزیكانە چارەسەر دەبێت.
رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لە ٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٤ لە نێوان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئێمزای لەسەر كرا. بەپێی رێككەوتنەكە هەرێمی كوردستان رۆژانە دەبێت ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خۆی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت و رۆژانەش ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك لە رێگەی بۆری كوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهان بكرێت، لە بەرامبەریشدا حكوومەتی عێراق لە سەدا 17ی بوودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام تا ئێستا بەغدا ئەو بەندانەی نێو رێككەوتنەكەی جێبەجێ نەكردوون.