سه‌ڵاحه‌دین
له شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان هێزه‌کانی ئاسایشی عێراق هاوشان له‌گه‌ڵ یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش له پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار 36 تیرۆریستی داعش كوژران.
له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، نه‌قیب غه‌زوان ئه‌لجبووری رایگه‌یاند: "هێزه‌کانی تەناهی عێراق و یه‌كه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له یه‌ك كاتدا له ناوچه‌كانی حهقلو ئهلهس و ئهلفهتحای خۆرهه‌ڵاتی تكریت ئۆپه‌راسیۆنێكیان ئه‌نجامداوه، دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌نێوان ئه‌و هێزانه و داعشدا دروست بووه و توانیویانە 17 تیرۆریستی داعش بکوژن.
هه‌روه‌ها به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له سه‌رچاوه‌کانی ئه‌منییه‌وه وه‌رگیراوه، یه‌كه‌كانی سوپای عێراق ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر ناوچه‌ی ته‌ل ئه‌بو جه‌رادی خۆرهه‌ڵاتی بێجی كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش بووه. له‌و پێكدادانهشدا دوو تیرۆریستی داعش كوژراون و سێیانیشیان لێ بریندار بووه.
هه‌روه‌ها هێرشێكی داعش بۆ سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی شاری رومادی سه‌ربه ئه‌نبار تێكشكێندراوه و له‌و شه‌ڕه‌شدا 17 تیرۆریست كوژراون.
له‌و باره‌یه‌وه، فه‌رمانده‌ی لیوای ده‌ستێوه‌ردانی به‌په‌له سه‌رهه‌نگ مه‌هدی عه‌باس به ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاند: "هێزه‌کانی تەناهی عێراق و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به فەرماندەیی ئه‌مریكا، هێرشه‌كه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان بۆ سه‌ر ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی حیسابیهی رومادی شكست پێهێناوه. له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌شدا 17 تیرۆریستی داعش كوژراون و پێنجیشیان لێ برینداربووه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ملازم راید مزوری سه‌ربه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان رایگه‌یاند: "هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له نزیك مووسڵ دوو ئۆتۆمبێلی رێكخراوی تیرۆریستی داعشیان تێكشكاندووه، به‌ڵام هیچ كوژراو و بریندارێكی لێنهكهوتووەتهوه".