ههولێر - شوان سدیق
گفتوگۆ و دیداری نێوان لایەنەكانی سیاسی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بەردەوامە ئەوان لەم ماوەیەدا زۆرترین كۆبوونەوەیان لەسەر ئەو پرسە ئەنجامداوە بەڵام بێ ئەنجام بووە.
رۆژی پێنجشەممە لە مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو تایبەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامدرا، بەڵام هیچ ئەنجامێكی لێ نەكەوتەوە.
كۆبوونەوەی ئەمجارەی پێنج لایەنەكە چوار سەعاتی خایاند رۆژنامەوانان چاوەڕوانی زانیاری بەرپرسان بوون بۆ ئەوەی ئەنجامی كۆبوونەكە بۆ رای گشتی رووماڵ بكەن، كەچی بەرپرسان هیچ لێدوانێكیان نەدا لە ئاست ئەو چاوەڕوانیەی خەڵكی كوردستان.
نوێنەری شاندی یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆبوونەكە محەمەد ئەحمەد تەنیا ئەوەی بە رۆژنامەنووسان راگەیاند "چوار سەعات لە كۆبوونەوەدا بووین بە باشی ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونەكانمان كرد باش لەیەك گەیشتین، لەلای خۆمان پێویستمان بەتاوتوێكردنی ئەو بۆچوونانە هەیە دواتر دێین كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی لەسەر هەر بڕگەیەك لەو بڕگانەی كە لە كۆبوونەكەدا قسەی لەسەر كراوەو بۆچوونی جیاواز یان بۆچوونێكی دیكە لەسەر لە كۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر پێك بێین".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی داهاتوو بە وردی دەچینە ناو پرسەكان، ئەوكات گەیشتینە سیغەیەكی هاوبەش بۆ میدیاكانی بڵاو دەكەینەوە".
بەردەوامی كۆبوونەوەی لایەنەكان لەكاتێكدایە ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی تەنیا 20 رۆژی ماوە.
بەپێی یاسای ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠١٣ ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی لە ٢٠.٨.٢٠١٣ بۆ دوو ساڵ درێژكراوەتەوە، لە ٢٠.٨.٢٠١٥ كۆتای دێت.
لە ئێستاداپارتی دیموكراتی كوردستان، كە سەرۆكایەتی هەرێمی لە دەستدایە پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات ماوەی ویلایەتی بارزانی بۆ دووساڵی دیكە درێژ بكرێتەوە.
لە بەرامبەریشدا هەریەكە لە گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو پرۆژەیان لە پەرلەمانی كوردستانە و دەیانەوێت سیستەمەكە بكرێتە پەرلەمانی و سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت. بەڵام پارتی كە خاوەنی 38 كورسی و گەورەترین كوتلەی نێو پەرلەمانە ئەوە رەت دەكاتەوە و تا ئێستا بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی نەكردووە لەسەر ئەو پرسە.
لەسەر هەمان پرس جگەلەوەی یەكگرتووی ئیسلامی وەك دەستپێشخەریەك بۆ نزیك بوونەوەی لایەنەكان كردویەتی. هەر ئەمڕۆش ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی محەمەد فەرەج و بەرپرسانی دیكەی ئەو حزبە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رایگەیاند "نێوەندگیری نێوان لایەنەكان دەكەین، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە بگەن بە سازانێكی هاوبەش و هەرێمی كوردستان لەم دۆخە رزگاری ببێت كە تێی كەوتووە، هەر چەندە وڵاتانی ناوچەكە بەراورد بە هەرێمی كوردستان ئارامتر نین، بەڵام پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بابەتێكە دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و بە زووترین كات لایەنەكان سازانی لەسەر بكەن".
تا ئێستا دیار نییە كەی كۆبوونەوەی ئەو پێنج لایەنە دەست پێدەكاتەوە، ئەندامانی بەشداربووی ئەو لایەنانەش هیچ زانیاریەكیان نەدا بە رۆژنامەنووسان. هەرزوو ئەندامانی شاندی یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ شوێنی كۆبوونەكەیان كە مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو بوو بەجێهیشت شاندی پارتیش كە سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە فازل میرانی سەرپەرشتی دەكات، تا درەنگانێك لای یەكگرتوو مایەوە.