رابەری روحیی جیهانی کاسۆلیک پاپا فڕانسیس روونکردنەوەیەکی لە بارەی لێدوانەکانی چەند رۆژی رابردووی دا کە گوتبووی ئازادی رادەربڕین پێویستە سنووری هەبێت.
پاپا گوتی: "پێویستە ئازادی رادەربڕین راستییە مرۆییەکان رەچاو بکات".
پاپا دوای هەڵبژاردنی لە ئاداری ساڵی 2013 حەوتەمین و درێژترین سەردانی بۆ دەرەوە ئەنجام دا و سەرەتا چووە سریلانکا و دواتریش سەردانی فلپینی کرد و لە فلپینەوە بەرەو رۆما گەڕایەوە و لە ماوەی 15 سەعات فڕینیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
پاپا لە میانی ئەو سەردانەدا باسی لە هێرشەکانی ٧ی کانوونی دووەم بۆسەر گۆڤاری شارلی ئێبدۆ لە پاریس کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئازادی رادەربڕین سنووری هەیە و نابێت کەس گاڵتە بە بیروڕا و ئاینی کەسانی دیکە بکات و گوتی: "ئەگەر دۆستی بەڕێزم دکتۆر ئالبەرتۆ گاسپاری قسەی خراپ بە دایکم بڵێت بە مشت لێدان دەموچاوی ورد دەکەم". پاپا لەسەر داوای رۆژنامەنووسان لەسەر ئەو قسانە روونکردنەوەیەکی پێشکەش کرد.
پاپا گوتی: "نابێت بە توندوتیژی وەڵامی ئاژاوەگێڕییەک بدرێتەوە چونکە پێویستە هەندێک شت ئاڵۆزتر نەکرێن".
گوتیشی: "من هەمیشە ناتوانم کەسێک تۆڕە بکەم بەڵام هێرش ناکەمە سەری چونکە ئەگەری ئەوە هەیە کە لایەنی بەرامبەر تۆڕٍە بێت و هەڵوێستێکی توند بنوێنێت، بۆیە دەڵێم ئازادی رادەربڕین پێویستە رەچاوی راستییە مرۆییەکان بکات".
هەروەها گوتی: "من لە تورکیا و دواتریش لە ڤاتیکان داوام لە موسڵمانان و سەرکردە موسڵمانەکان کردبوو لە دژی تیرۆر بوەستن و موسڵمان و سەرکردە موسڵمانەکانیش بەدەنگ ئەو بانگەوازەوە هاتن".
پاپا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا چەندین پەیامی ئاڕاستەی جیهانی کاسۆلیک کرد و گوتی: "هەندێک کەس بۆ ئەوەی ببن بە کاسۆلیکێکی باش پێویستە وەک کەروێشک منداڵی زۆریان هەبێت، ئەمە هەڵوێستێکی راست نییە و هەر خانەوادەیەک پێویستە خاوەن سێ منداڵ بێت".
پاپا جەختی لەوە کردەوە کە کەنیسە پسپۆڕی تایبەتی ئەو بوارەی هەیە و دەتوانن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی سینۆددا چارەسەر بۆ ئەو پرسانە بدۆزنەوە.