Sarmand Hameed
16 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی کە بە سەردانێک لە بەغدایە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کۆبووەوە.
لاهور شێخ جەنگی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووینەوە".
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کازمی، نووسیوویەتی "لە دیدارێکدا گفتوگۆمان کرد دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراقدا".
لاهور شێخ جەنگی راشیگەیاندووە "پشتیوانی یەکێیتیی نیشتیمانیی کوردستان-مان دووپات کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بڕگە یاساییەی کە تایبەتە بە پشکی کورد و شایستە داراییەکانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی٢٠٢١ لە پێناو چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت: "داوامانکرد کە پشکی جووتیارانی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت و وەک بەڵێنیان پێدرابوو کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت".
تەوەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکە پەیوەست بووە بە گفتوگۆکردن بووە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و لەمبارەیەوە لاهور شێخ جەنگی نووسیوویەتی "جەختمان لەسەر رەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو کردەوە بە هەوڵی هەموو لایەنەکان و رامانگەیاند کە هەر بڕیارێک لەلایەن حکوومەت و کۆمیسێۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت وەک یەکێتیی پشتیوانی دەکەین بۆ تەواوکردنی ئامادەسازییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەرکەوتنی پرۆسەکە".
لەبارەی رەوشی ئەمنی ناوچە کێشەلەسەرەکان، لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: "داوامان کرد سەرۆکوەزیران رۆڵی هەبێت لە دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی ئارامیی زیاتر لە ناوچە دابڕێندراوەکان. سوپاسی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەم کە بەڵێنیدا هاوکار و پشتیوان بێت و هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێناو سەقامگیری عێراق و پاراستنی مافی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق".