Zana Natık Kerem
16 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
ھێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا، شەش تیرۆریستی داعشیان لە بەغدا پایتەخت و پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار دەستگیرکرد.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول لە تویتێکدا بڵاویکردەوە کە ھیزەکانی دژەتیرۆر، دوو ئۆپەراسیۆنیان لە سنووری قەزاکانی داقوق و حەویجە سەربە پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە و تیایدا، دوو تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکردووە.
لیوا یەحیا رەسول راشیگەیاندووە کە ھێزەکانی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنێکدا، یەک تیرۆریستی دیکەی داعشیان لە قەزای شەرگات سەربە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیرکردووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە ھەروەھا ھێزەکانی دژەتیرۆر لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا، سێ تیرۆریستی داعشیان لە ناوچەی تاجی سەربە بەغدای پایتەخت و لە ناوچەی کەرمە سەربە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکردووە.