Heman Hussein Yaseen
04 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 04 ئاب 2024
هەولێر - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە و گەشبینیش بووە بەوەی کە دەگەنە ڕێککەوتنێک بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، حەسەن شێخانی بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە کە کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامداوە و ئەنجامێکی زۆر باشی ھەبووە، ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سوودانی داواکاری ئەوانی لەبارەی دروستکردنی حکوومەتێکی خۆجێیی لە کەرکووک بە بەشداری ھەموو لایەنە براوەکان و پێکھاتەکان وەرگرتووە، ئومێدیشی خواستووە کە پێش وادەی یاسایی لە ١١ی ئاب بتوانن کۆببنەوە و پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنەکە بەڕەزامەندی ھەموولایەک دیاریی بکرێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕوونیشی کردووەتەوە کە پێشنیازی ئەوەیان کردووە، حکوومەتێک بێت دەنگ و ڕەنگی ھەمووان بێت و خزمەتی شارەکە بکات و ئەو جیاوازییەی ھەیە نەمینێت و ھاوسەنگی دروست بکرێت، بۆ پارێزگاریش ئومێدی خواستووە بتوانن پێش وادەی یاسایی ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
حەسەن شێخانی ڕاشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق تەئکیدی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ھەموو لایەک ھەوڵ بدەن پێش ١١ی ئاب بگەنە ڕێککەوتن و حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک دروست بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بەردەوامە و سەرچاوەی ناکۆکییەکانیش پۆستی پارێزگارە کە ھەمووان داوای دەکەن. لەو چوارچێوەشدا سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ پێکھاتەی پارێزگاکە کۆبووەتەوە و داوای کردووە بەربەرستەکان ھەڵبگیرێن بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی لە شارەکە.
جێی ئاماژەیە لە ١١ـی تەمموزی ٢٠٢٤، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی ھەر ١٦ ئەندامە ھەڵبژێردراوەکەی بەڕێوە چوو، تیاییدا ڕاکان جبووری وەک بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد.
ڕۆژانی ١٦ و ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتیی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، دواتر لە ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ٥٥٩ ھەزار و ٢٢١ دەنگی دروست لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە ١٦ کورسی پێکھاتووە ئەوانیش بریتیین لە ١١ کورسی بۆ پیاو، ٤ کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکھاتەی کریستیان.
ئەو ١٦ کورسییەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بریتیین لە پێنج کورسی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو کورسی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، سێ کورسی بۆ ھاوپەیمانی عەرەبی کەرکووک. دوو کورسی بۆ لیستی قیادە، یەک کورسی بۆ ھاوپەیمانی عروبە، ھاوکات دوو کورسی بۆ بەرەی تورکمانیی و یەک کورسی کۆتاش بۆ کریستیانەکە.