Zana Natık Kerem
15 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2017
بەغدا ــ AA
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دوای لە سعوودیە و ئێران كرد كە نێوانیان هێوربكەنەوە و گفتوگۆی جددی و راستەقینە ئەنجام بدەن كە بە گوتەی خۆی ئەنجامدانی گفتوگۆ دەبێتە هۆی كۆتاییهێنان بە جەنگی تایفی لە ناوچەكە.
لە روونكردنەوەیەكدا كە نووسینگەی سەركردەی رەوتی سەدر بەسەر میدیا و دەزگاکانی راگەیاندندا بڵاوی كردووەتەوە، موقتەدا سەدر گوتوویەتی: "بە كرانەوەی ئەرێنی بە رووی پەیوەندییەكانی نێوان سعوودیە و عێراق خۆشحاڵ بووین و وامانزانی ئەوە دەبێتە سەرەتاییەك بۆ كۆتاییهێنان بە ململانێی تایفی لە ناوچەکەدا".
سەركردەی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەشداوە كە ژمارەیەک لایەن بە نزیكبوونەوەی سعوودیە و عێراق خۆشحاڵ نەبوون و روونیشی كردەوە كە تەنها گەلان لە ململانێی راگەیاندنی نێوان ژمارەیەك وڵاتان لە ناوچەكە زەرەرمەندبوون بوون لەسەرووشیانەوە گەلانی سووریا، یەمەن، بەحرێن، پاكستان، ئەفغانستان، بۆرما، ئێران و سعوودیە.
موقتەدا سەدر ئەوەشی گوتووە "لە بری ئەوەی یەكڕیزبین لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی هەر سێ وڵاتە نەگریسەكە (ئەمریكا، ئیسرائیل و بەریتانیا) و هەروەها رێكخراوی تیرۆریستی داعش و گرووپە توندڕەوەكان، كەچی زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە لە نێوان خۆیاندا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە و تۆڕەیی خۆیان بەسەر گەلەكانیاندا دەرژێنن".
سەركردەی رەوتی سەدر داوای لە هەموو وڵاتانی ناوچەكە بە تایبەتیش ئێران و سعوودیە دەکات كە دان بە خۆیاندا بگرن و گرژییەكانی نێوانیان وەلاوە بنێن و رێگە بدەن گەلان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
موقتەدا سەدر داواشی لە ئێران و سعوودیە كرد كە گرنگی بە گەلەكانیان بدەن بێ ئەوەی بڕواننە بیروباروی تایفی یان مەزهەبی یان ئایین و نەژاد و راشیگەیاندووە كە وای بۆ دەچێت گفتوگۆی جددی و راستەقینە لە نێوان سعوودیە و ئێران، دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوچەكە و هەروەها دەبێتە سەرەتاییەك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی تایفی.