Zana Natık Kerem
25 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2019
دۆحە ــ AA
قەتەر راگەیاند کە ھێزە دەریایی و وشکانییەکانی بەشدارن لە مانۆڕی "قەڵغانی جەزیرە -١٠" کە سعوودیە میوانداری کردووە.
لە دوای سەرھەڵدانی قەیرانی کەنداو لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧، ئەمە دووەم جارە، قەتەر لە مانۆڕێکی سەربازی بەشداری دەکات کە لە سعوودیە ئەنجام دەدرێت.
ساڵی رابردوو ھێزەکانی قەتەر بەشدارییانکرد لە مانۆڕی "قەڵغانی ھاوبەشی کەنداو ١" کە لە سعوودیە ئەنجامدرا.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری قەتەردا ھاتووە "مانۆڕی 'قەڵغانی جەزیرە -١٠' کە لە ناوچەیەکی رۆژھەڵاتی سعوودیە دەستیپێکردووە، ھێزە وشکانی و دەریاییەکانی بەشدارن".
لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، بە ئامانجی پتەوترکردنی ھاوکارییە ھاوبەشەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان ھێزەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی ھاریکاری کەنداو و بەھێزکردنی زیاتری توانای سەرجەم ھێزە بەشداربووەکان، دەستکراوە بە ئەنجامدانی مانۆڕەکە.
بەپێی راگەیەندراوەکە مەشق و راھێنانەکانی مانۆڕەکە، بە چوار قۆناغ ئەنجامدەدرێن یەکەمیان گەیشتنی ھێزەکان بە دەروازەکانی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی، دووەم مەشق و راھێنانی فەرماندەکان لەسەر بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان، سێیەم مەشقی مەیدانی لەسەر چەک و تەقەمەنی، چوارەم ئاھەنگی کۆتایی لەگەڵ گەڕانەوەی ھێزە بەشداربووەکانی مانۆڕەکە بۆ وڵاتەکانیان.
مانۆڕی "قەڵغانی جەزیرە -١٠" رۆژی شەممەی رابردوو لە سعوودیە دەستپێکرد کە تا ١٢ی مانگی ئاداری داھاتوو بەردەوام دەبێت.