Sarmand Hameed
13 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2018
بەغدا - AA
سەرکردەی رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانی سائیرون، موقتەدا سەدر پێکهێنانی هاوپەیمانییەتییەکی نوێی لە نێوان هاوپەیمانی سائیرون لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری راگەیاند.
دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی نێوان سەدر و عامری، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش بۆ هەردوولا سازکرا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەدر گوتی: "هاوپەیمانییەتیمان لەگەڵ فەتح لەچوارچێوەیەکی نیشتمانیدایە بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلە لەگەڵ پارێزگاریکردن لە هاوپەیمانی سێقۆڵی (لەگەڵ رەوتی حیکمە بەسەرۆکایەتی سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، عەممار حەکیم و هاوپەیمانی وەتەنییە بەسەرۆکایەتی جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەللاوی)".
هەفتەی رابردوو هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و رەوتی حیکمە بەسەرۆکایەتی سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، عەممار حەکیم و هاوپەیمانی وەتەنییە بەسەرۆکایەتی جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەللاوی هاوپەیمانییەتییەکی سێقۆڵیان راگەیاند.
لای خۆیەوە هادی عامری لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "هیچ کێشەیەکمان نییە لە دووبارە جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان بە رێژەی پێنج یان ١٠ لەسەدا".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.