Sarmand Hameed
27 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند، پێویستە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی کە نە رۆژهەڵاتی نە رۆژئاوایی بێت.
موقتەدا سەدر، دوای پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رێبەری رەوتی سەدر نووسوویەتی: "سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە رۆڵیان لەم زەماوەندە دیموکراسییە نیشتمانییەدا هەبوو، بەتایبەت ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و بەدیاریکراویی فایەق زێدان ـی برا و دادگای باڵای فیدراڵیی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (جێنین پلاسخارت). هەروەها سوپاسی هەموو هاوبەشەکانمان، سوپاس بۆ گەلی عێراق کە ئارامیی گرت و سوپاس بۆ مەرجەعییەتی چاودێر و داواکار بۆ ئەم کەڕنەڤاڵەی هەڵبژاردن کە شایستەی ئەوەیە ئاهەنگی بۆ بگێڕین".
موقتەدا سەدر لە پەیمامەکەیدا داوای ئەوەیشی کردووە ئاشتی و ئاشتەوایی بپارێزرێت و رایگەیاند "نیشتمان سپاردەیەکە لە گەردنمان و دەبێت پەلە بکەین لە پێکهێنانی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی کە نە رۆژهەڵاتی نە رۆژئاوایی بێت و رووناکییەکەی خاکی نیشتمان رووناک بکاتەوە و خزمەتکردن و ئاسایش بۆ گەل دەستەبەر بکات".
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، سکاڵای سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکان رەت کردەوە و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، پەسەند کرد.
بەپێی ئەنجامەکانی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، هاوپەیمانیی فەتح بە سەرکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆک، بافڵ جەلال تاڵەبانی، ١٩ کورسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان بەدەستهێنا.