Zana Natık Kerem
19 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە سوپای عێراق، نەقیب جەبار حەسەن رایگەیاند، هێزە عێراقییەكان منداڵێكی ساوایان كە تەمەنی لە ساڵێك تێناپەڕێت لەژێر داروبەردی خانوویەكی رووخاو لە گەڕەكی باب سنجار سەربە ناوچەی مووسڵی كۆن رزگار كرد.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، جەبار حەسەن گوتی: "لە پێشڕەوییەكانیاندا لە ناوچەی مووسڵی كۆن، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ چوونە ناو خانوویەك كە بە هۆی بۆردومانی مووشەكی لە لایەن داعشەوە لە ناوچەی باب سنجار رووخابوو".
جەبار حەسەن گوتیشی: "هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، منداڵێكیان لە نێوان ٣٠ كەسەدا دەرهێنا كە بە هۆی رووخاندنی خانووەكە كوژرابوون".
ئەفسەرەكە باسی لەوەش كرد كە هێزە ئەمنییەكان منداڵە ساواكەیان رەوانەی نەخۆشخانەی مەیدانی كردووە بۆ ئەوەی چارەسەری سەرەتایی بۆ بكرێت كە بە هۆی رووخاندنی خانووەكە هەندێک زیان بە جەستەی گەیشتووە و باری تەندروستیشی خراپە.
لە سەر ئاستی مەیدانیش شانەی راگەیاندنی جەنگی سوپای عێراق رایگەیاند كە فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق، ٥٠٠ بڵاوكراوەی تایبەتییان بۆ دانیشتوانی ناوچەی مووسڵ فرێداوەتە خوارەوە.
لە بەیاننامەیەكدا، شانەكە ئاماژەی بەوە داوە كە لەو بڵاوكراوەنەدا، دانیشتوانی ناوچەی مووسڵ لەبارەی پێشڕەویی هێزە عێراقییەكان لە ناوچەكە ئاگادار كردووەتەوە.
دوێنێ یەكشەممە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی قادیمون یا نەینەوا، فەریق روكن رایگەیاند كە هێزە عێراقییەكان هێرشیانكردە سەر ناوچەی مووسڵی كۆن بە ئامانجی ئەوەی كۆنتڕۆڵی بكەنەوە.
لە دوێنێیەوە تا ئێستا شەڕ و پێكدادانی توند لە نێوان هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی داعش لە ناوچەی مووسڵی كۆن روودەدات.